رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی بڕیاری خانەنشینییەوە زیاتر لە دوو هەزار و 800 مامۆستایان خانەنشین دەبن و بەو جۆرەش کێشە بۆ وەرزی دووەمی خوێندن دروست دەبێت.
عومەر محەممەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بڕیاری خانەنشینی سێ تەمەن پێکەوە، دوو هەزار و 821 مامۆستای پەروەردەکەمان خانەنشین دەبن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسوکاری شەهیدیان تێدایە، پێدەچێت ژمارەیەکیان خانەنشین نەکرێن".
ئەمڕۆ وەرزی دووەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. عومەر محەممەد ئاماژەی بەوە کرد: "بەهۆی خانەنشینبوونی ئەو ژمارەیە لە مامۆستا پێکەوە، کێشە بۆ گوتنەوەی وانە لە قوتابخانەکان لەم وەرزەی خوێندندا دروست دەبێت".
لەبارەی شوێنگرەوەی ئەو مامۆستایانە، یاردەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی باسی لەوە کرد، بڕیارەکە خێرا دراوە بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک وەک شوێنگرەوەیان دیاری نەکراوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەبن، سەرقاڵی مامەڵەی خانەنیشینین. بڕیارەکە نوێیە و بۆیە تاوەکو ئێستا ژمارەیان بە وردی لە بەردەستدا نییە".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە 22-01-2025 بڵاویکردەوە، ئەوانەی تەمەنیان دەبێتە 60 ساڵ خانەنشین دەبن، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی لە دایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین ببن.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە وانەشەوە کە خانەنشین دەبن، نزیکەی 158 هەزار مامۆستا لە هەرێمی کوردستان هەن و لە 5 هەزار و 800 قوتابخانە وانە بە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی دەڵێنەوە".
ئەحمەد گەرمیانی باسی لەوە کرد: "بۆ ئەوەی بۆشایی لە قوتابخانەکان دروست نەبێ، داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی عێراق وەربگرێت بۆ دامەزراندنی گەنجی نوێ و ئەو وانەبێژانەی پێشتر خزمەتیان کردووە و بەهەر هۆکارێک بێت وازیانهێناوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ