پەروەردەی کەلار: بڕیاری خانەنشینکردن لەم کاتەدا بۆ پەروەردە نەگونجاوە

26-01-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای کەلار دەڵێت، بەهۆی بڕیاری خانەنشینییەوە زیاتر لە 170 مامۆستا و فەرمانبەرمان خانەنشین دەبن، ئەمەیش نەگونجاوە، "کارگوزار و پاسەوانمان نەماون".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی 1ی 2025، مامۆستا عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار بە رووداوی گوت: "بڕیاری خانەنشینی سێ تەمەن لە سنووری پەروەردەکەمان پێکەوە دەگرێتەوە. دوو پێشنیازم لەبارەی خانەنشینبوون هەیە و رەوانەی وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەم".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە 22-01-2025 بڵاویکردەوە، ئەوانەی تەمەنیان دەبێتە 60 ساڵ خانەنشین دەبن؛ ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی لە دایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین ببن.
 
ئەمڕۆ وەرزی دووەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. عەدالەت لەتیف روونیکردەوە، "یاسای خانەنشینکردنی سێ تەمەن پێکەوە، کەلێنێکی زۆر دروست دەکات؛ بەتایبەت لە ناوەندەکانی خوێندن تاڕادەیەک دەبێتە هۆی شپرزەیی و کەمبوونەوەی میلاک، بۆ نموونە لە سنووری پەروەردەی کەلار زیاتر لە 150 مامۆستا خانەنشین دەبن".
 
لەبارەی چارەسەری ئەو بۆشاییەی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست دەبێت، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار ئاماژەی بەوەدا، "وەرزێک بۆ تەواوکردنی ساڵی خوێندن ماوە. لە ئێستایشدا هیچ شوێنگرەوەیەکی مامۆستا و فەرمانبەران نییە؛ پێشنیاز دەکەم ئەم چەند مانگەی وەرزی دووەم لەسەر مامۆستایان و سەرپەرشتیاران رابوەستن تاوەکو سەرەتای مانگی حوزەیران، پاشان بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت یان خانەنشین بکرێن و ساڵی نوێی خوێندن کار بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بکرێت".
 
ئەو بەڕێوەبەرە لەبارەی ژمارەی مامۆستایانی سنووری ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، "زیاتر لە 500 مامۆستا و فەرمانبەر بڕیاری خانەنشینی دەیانگرێتەوە. لە سنووری پەروەردەی کەلار [بەتەنیا] 170 فەرمانبەر دەگرێتەوە کە 150یان مامۆستان. بەهۆی خانەنشینی ساڵی 2013یشەوە، ئێستا لە سنووری ئێمە کارگوزار و پاسەوانمان نەماون".
 
داوا دەکات، "جێگەی مامۆستایانی خانەنشین، بە مامۆستایانی وانەبێژی لادراو پڕ بکرێتەوە".
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەوانەشەوە کە خانەنشین دەبن، نزیکەی 158 هەزار مامۆستا لە هەرێمی کوردستان هەن و لە 5 هەزار و 800 قوتابخانە وانە بە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی دەڵێنەوە".
 
ئەحمەد گەرمیانی باسی لەوە کرد: "بۆ ئەوەی بۆشایی لە قوتابخانەکان دروست نەبێ، داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی عێراق وەربگرێت بۆ دامەزراندنی گەنج و ئەو وانەبێژانەی پێشتر خزمەتیان کردووە و بە هەر هۆکارێک بێت وازیان هێناوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە