رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان، فەرمانى وەزاریی نوێ لەبارەی ئەنجامدانى سێمینارى وەرگرتنى نازناوى زانستى دەردەکات. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، "مەرجی نوێ دانراون".
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە فەرمانێکى وەزاریدا کە بە واژووی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە؛ چەند بڕیار و مەرجێکی نوێن سەبارەت بە ئەنجامدانى سێمینارى وەرگرتنى نازناوى زانـستى".
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، "ئەنجامدانى سیمینارى وەرگرتنى نازناوى زانستى تاوەکو دوو جار رێگەپێدراو دەبێت. هاوکات ماوەى نێوان هەردوو سێمینارەکە لە دوو مانگ کەمتر نەبێت".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، "ئەگەر دوو جار دەرنەچێت، پێویستە خوازیار دوو بۆ سێ مۆدیۆلى پێداگۆجى وەربگرێت کە لە لایەن لیژنەى تاقیکردنەوەى سێمینار بۆى دیاریی دەکرێت".
عەباس ئەکرەم روونیکردەوە، "لە کاتی دەرنەچوون لە سێمینارى نازناوى زانستى بۆ سێ جار، پێویستە خوازیار خولى راهێنانى پێداگۆجى بە تەواوى وەربگرێت یان خولەکە بە سەرجەم مۆدیۆلەکان دووبارە بکاتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ