رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە کۆمەڵێک رێنمایی بۆ خانەنشینبوونی ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتەکە بڵاوکردەوە. وەزیری پێشمەرگەش دەڵێت، "لە ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی لە وەزارەتەکەمان خانەنشین دەبن."
22ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو دەرکرد، بەپێی بڕیارەکان، هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت جگە لە چەند چین و توێژێک.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی یاسای خانەنشینیی سەربازیی عێراق ژمارە 3ـی ساڵی 2010، پێشمەرگە و هێزەکانی یەکەی 70 و80 خانەنشین دەکرێن."
وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، "لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە 1000 فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی خانەنشین دەکرێن، ئەوانەی گەیشتوون بە تەمەنی خانەنشینی لەم مانگەوە لە لیستی مووچە بە خانەنشین هەژمار دەکرێن."
لەبارەی ئەو 1000 فەرمانبەرە، وەزیری پێشمەرگە گوتی، "هەمووی لە یەککاتدا خانەنشین نابن، بەڵکو هەر کەسێکیان بەپێی رۆژ و مانگ و ساڵی گەیشتنییان بە تەمەنی خانەنشینی لە ئەمساڵدا خانەنشین دەکرێن."
ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، بەپێی فەرمانی وەزاری، کە وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر کردووە بە ژمارە 1470 لە 26-1-2025 و پاڵپشت بە فەرمانی سەرۆکوەزیران ژمارە 191 لە15-1-2025، "لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 259 پشتبەست بە بڕیاری دادگەی باڵای ئیتیحادی ژمارە (212 اتحادیة/2022) لە 2022/11/23 تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 9 ساڵی 2014ـی هەموارکراو، ئاماژە بە راپۆرتی تیمی هاوبەشی وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی ئیتحادی و هەرێم لە 2023/10/17 تایبەت بە ئەنجامی چاودێری و وردبینی ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشین و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێم."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتەکەمان پشتبەست بە بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم فەرمانە وەزارییەی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەکە سەربازییەکان پەخشکردووە و بەپێی فەرمانەکە ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە کە ئێستا خانەنشین دەبن بەپێی یاسای راژە و خانەنشینی سەربازی ژمارە 3ـی ساڵی 2010 خانەنشین دەکرێن."
لە راگەیێندراوەکەدا گشتاندنێک کراوە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەکە سەربازییەکان کە لە 8 خاڵ پێکهاتووە:
یەکەم: پاڵپشت بە بڕگەکانی مادەی 10/یەکەم لە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 هەموارکراوە، تەمەنی یاسایی خانەنشینی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێتە تەواوکردنی تەمەنی 60 ساڵی و هەر فەرمانبەرێک بە رۆژ، مانگ و ساڵ تەمەنی خانەنشینی تەواوکرد پێویستە هەوڵی خانەنشینی بدرێت.
دووەم: ئەو کەسانەی لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنشین ناکرێن و لە 63 ساڵیدا خانەنشین دەبن، بریتین لە مامۆستایانی زانکۆ بە پلەی پڕۆفیسۆر یان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، پزیشکانی دادوەری، پزیشکانی سڕکردن، پزیشکانی دەروونی، راوێژکاران و راوێژکارانی یاریدەدەر لە ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، فڕۆکەوانانی مەدەنی کە کاردەکەن وەکو کاپتنی فڕۆکە بە شێوەی کرداری و لەکاتی خۆیدا مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.
سێیەم: تەمەنی خانەنشینیی یاسایی بۆ بەشێک لە فەرمانبەران دەبێت بە 65 ساڵ، کە بریتین لە:
1- ئەو فەرمانبەرەی بەپێی حوکمەکانی یاسای فەسڵکراوانی سیاسی ئیتیحادی ژمارە 24ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو گەڕێندراونەتەوە بۆ سەر راژە لەسەر میلاکی حکومەتی ئیتیحادی و، دواتر گواستنەوەی راژەیان بۆ کراوە بۆسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
2- ئەو فەرمانبەرەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، کە یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2007ـی هەموارکراوە، دەیگرێتەوە.
3- ئەو فەرمانبەرەی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراوە و راگیراوی سیاسیی کوردستانی ژمارە 11ـی ساڵی 2011ـی هەموارکراو دەیگرێتەوە.
چوارەم: سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی خۆیان داوای خانەنشینی دەکەن، لە نووسراوەکەدا هاتووە، دەبێت فەرمانبەر تەمەنی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و پێش 03-07-2024 مامەڵەی خانەنشینبوونی کردبێت، بەڵام لە ئێستا بەدواوە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پیادە دەکرێت و پێویستە فەرمانبەر تەمەنی 50 ساڵ بێت و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت.
پێنجەم: بە تەواوکردنی تەمەنی یاسای خانەنشینی هاتووە لە خاڵەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم، لە لای سەرەوە فەرمانبەر سیفەتی فەرمانبەری لەدەست دەدات پێویستە ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنی یاسایی خانەنشینییان هاتووە، دەست لەکارترازاندنیان بۆ بکرێت و بە پێچەوانەوە، ئەو ماوەیەی لەدوای تەمەنی خانەنشینبوون لە کار بەردەوام دەبن، بۆ هیچ مەبەستێک هەژمار ناکرێت و هەموو ئەو مووچە و دەرماڵەی بۆی خەرجکراوە لێی وەردەگیرێتەوە، فەرمانبەری تایبەتمەندیش رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ