رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سلێمانی کرێکارێک دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەستدەدات. دوای کاژێرێک لە کەوتنەخوارەوەی تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە.
نیوەرۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-1-2025، لەیەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی سلێمانی کرێکارێک لەکاتی کارکردن کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. لیژنەکانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی دەڵێن، لیژنە بۆ هۆکاری کەوتنە خوارەوەکەی پێکدەهێنن.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە، لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سلێمانی، کرێکارێک بەناوی محەممەد علی کەریم، تەمەن 27 ساڵ دانیشتووی سلێمانی، کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. هۆکاری مردنەکەشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنە خوارەوەکەی، عوسمان زیندانی گوتی، لیژنەمان پێکهێناوە و چاوەڕوانین راپۆرتی کۆتاییمان پێ بدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە یەکێک لە هاوڕێکانی ئەو کرێکارە وەریگرتووە، محەممەد عەلی لە نهۆمی 16ـی باڵەخانەیەک کاری کردووە و سەرەتا کەس بە کەوتنە خوارەوەکەی نەزانیوە و دوای نزیکەی کاژێرێک تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
پاش رێکارە تەندروستییەکان، تەرمی کرێکارەکە رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە و لە سلێمانی بەخاکدەسپێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ