بەشی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەشی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە و ئەوە دەبێتە چوارەمین بەشی پشکنینی زێڕ لە عێراقدا.

هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پێنجشەممەی رابردوو بەشی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بە فەرمی کرایەوە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک گوتی، ئیدی بازرگانان دەتوانن لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە زێڕ هاوردە بکەن.
 
هەردی سەمەد ئاماژەی بەوەکرد، فەیاز محەممەد دلێمی، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆری، بەشەکەی کردووەتەوە. 
 
فەییاز محەممەد دلێمی رایگەیاند، لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە و نەجەف ئەو بەشە هەیە و ئیدی ئەوەی کەرکووک دەبێتە چوارم ناوەندی تایبەت بەو کانزایە. 
 
سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆری گوتی، کارمەندەکان مەشق و راهێنانیان پێکراوە.
 
11-12-2024 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک فرۆشتنی دۆلار کرایەوە بۆ گەشتیاران بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.