فەرەنسا: پێشوازی لە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق پێشوازی لە بڕیاری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستاندن لە رێگەی لیژنەی باڵای سەربازیی دوو قۆڵییەوە دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسی کەمکردنەوە و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەڵەتیی دژی داعش لە عێراق.
 
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق لەبارەی راگەیاندنی گەیشتن بە رێککەوتنی عێراق و ئەمریکا لەبارەی تاوتوێکردن و دانوستاندن لەسەر کەمکردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، "پێشوازی لە بڕیاری دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی لیژنەی باڵای سەربازیی دوو قۆڵییەوە دەکەین، ئێمە لەگەڵ عێراق دەمێنینەوە بۆ بەرگریکردن لە سەقامگیری و سەروەرییەکەی."
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "ئێمە ئامادەین بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی دوو قۆڵیمان، لەنێویاندا هاوئاهەنگیی ستراتیژی."
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراوی جیادا باسی پێکهێنانی لیژنەیەکیان تایبەت بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" کرد. 
 
گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، لە 17-10-2023ـەوە زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و دەڵێن، هێرشەکانیان لە وەڵامی پشتگیرکردنی ئەمریکایە لە ئیسرائیل.
 
فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا پشتیوانێکی دیاری هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق بووە. 
 
فەرەنسا 600 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، کە ئەرکی سەرەکییان مەشق و راهێنانە بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، تائێستا مەشقیان بە 10 هەزار پێشمەرگە و سەربازی عێراقی کردووە، لەدوای تێکشکاندنی داعشیش، پاریس 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.