رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بۆردوومانەکانی نزیک گوندی سەرگەلی لە سنووری قەزای ئامێدی، دوو خێزانی گوندەکە خانوو و ماڵەکەیان چۆڵکرد و روویان لە ناوەندی شاری دهۆک کرد.
شێروان سەرگەلی، خەڵکی گوندەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بۆردوومانەکانی دوێنێ [25-01-2024] لە نزیک گوندەکە کە پرۆژەیەکی کشتوکاڵی بۆردوومانکرا، ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵک دروست بووە، ئەو دوو خێزانە ئەمڕۆ گوندەکەیان جێھێشت."
بە پێی گوتەی شێروان، تائێستا 36 خێزان نیشتەجێی گوندەکە بوون بەڵام بەهۆی بۆردوومانەکان دوای رۆیشتنی ئەو دوو خێزانە تەنیا 34 خێزان لە گوندەکەدا ماون.
هەموو ئەوانە دوای ئەوە دێت دوێنێ (25-01-2024) پرۆژەیەکی بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە گوندی سەرگەلێ ـی سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومانکرا و هاونیشتمانییەکی ناوچەکەش بە رووداوی گوت، "تورکیا بە پێنج مووشەک بۆردوومانەکەی کردووە و بەهۆیەوە حەوت تۆن ئالیک و دوو هەزار فەردە کا لەنێوچوون."
هاونیشتمانیی گوندەکە باسی لەوەش کرد، ئەو رۆژی پێشووتر لە هێرشەکە ئاگادارکراوەتەوە و ماڵبات و مەڕوماڵاتەکەی دوورخستووەتە لەو پرۆژەیە و بۆیە هیچ کەسێک بەو هۆکارە گیانی لەدەست نەداوە و نزیکەی 300 سەر ماڵاتی هەیە هەمووی گواستووەتەوە بۆ نێو پرۆژەی براکەی و زیانیان بەر نەکەوتووە. بەڵام بۆردوومانەکان ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی گوندەکە دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ