گەشتیاریی زستانە پەرەی پێدەدرێت؛ رووداو بوولتەنێكی بردە ناوەندێکی خلیسکێنەی وان

26-01-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وان یەکێکە لە پارێزگا سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت. لە ساڵی 2023دا 700 هەزار گەشتیار چووبوونە ئەو پارێزگایە. سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیا گەشتییارییەکانی ئانادۆڵی رۆژهەڵات (باکووری کوردستان)دەڵێت، بایەخێکی زۆر بە ژێرخانی گەشتیاریی وان نەدراوە، ئەگینا توانای لەخۆگرتنی چەند هێندە گەشتیاری دیکەی هەیە.
 
بوولتەنی کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ هەینی 26-1-2024ی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوەندی خلیسکێنەی شارۆچکەی وەستان لە چیای ئارتۆس لە پارێزگای وان بوو. بوولتەنەکەی رووداو لەسەر کەرتی گەشتیاریی ئەو ناوەندە و وان بەگشتی وەستا. 
 
ناوەندی گەشتیاریی زستانە
 
پارێزگای وان بەهۆی کەشوهەوا دڵڕفێنەکەی، هەبوونی دەریاچەیەکی گەورە و چەندین شوێنەوارەوە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا سەرنجی گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی بەلای خۆیدا رادەکێشێت.
 
دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان، هەردوو پارێزگای وان و بەدلیس پێکەوە دەبەستێتەوە؛ لەنێو شاری واندا قەڵای وان هەیە کە لە ناوچەیەکی بەرز هەڵکەوتووە و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوانێت.کەشوهەوای وان لە هاویندا فێنکە و لە زستانیشدا کەشی زستانەی پێ دەبەخشێت.
 
 ئەو کەشوهەوا و دیمەنە دڵڕفێنانە وایانکردووە گەشتیاری زۆر بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش لە وەرزە جیاوازەکاندا بچنە وان. 
 
ناوەندی خلیسکێنەی وەستان کەوتووەتە چیای ئارتۆسی سەر بە شارۆچکەی وەستان و لەم وەرزی زستانەدا بەفرێکی زۆری لێ باریوە. ئەوەش وایکردووە گەشتیار و وەرزشڤانێکی زۆر رووی تێبکەن. ئەو ناوەندە بە دووری 40 کیلۆمەتر لە باشووری شاری وان هەڵکەوتووە.

 

 

ژمارەی گەشتیاران زیادی کردووە

 

 
رۆژی هەینی 26ـی کانوونی دووەمی 2024 تۆڕی میدیایی رووداو بوولتەنی کاژێر 15:00ی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیای لە ناوەندی خلیسکێنەی شارۆچکەی وەستان پێشکێشکرد و تایبەتمەندییە گەشتیاری و کەموکوڕییەکانی ئەو ناوەندەی خستەڕوو.
 
بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، گەشتیارێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە سەردانی ئەو ناوەندە گەشتیارییە و وان بەگشتی دەکەن. لە ساڵی 2018 نزیکەی 500 هەزار گەشتیار سەردانی وانیان کردبوو، لە ساڵی 2019 ئەو ژمارەیە بۆ 430 هەزار گەشتیار دابەزی و لە ساڵی 2020 ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ 450 هەزار گەشتیار.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی گەشتوگوزاری پارێزگای وان، لە ساڵی 2021دا ژمارەی گەشتیارانی ئەو پارێزگایە بەرزبووەوە بۆ 500 هەزار گەشتیار؛ لە ساڵی 2022 دا ئامارەکە بۆ 530 هەزار گەشتیار بەرزبووەوە و لە ساڵی 2023 یشدا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی وانیان کرد گەیشتە 700 هەزار کەس و داهاتی گەشتیاریی پارێزگاکەش ساڵی رابردوو نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بوو.
 
سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیا گەشتییارییەکانی ئانادۆڵی رۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) ئەو ژمارەیە لە گەشتیاران بەو هەموو تایبەتمەندییەوە بە کەم دەزانێت و دەڵێت، نەیانتوانیوە بە دروستی کار لەسەر گەشتیاریی زستانە بکەن و دەشڵێت، ئێستا نزیکەی 70٪ـی هۆتێل و میوانخانەکانیان پڕن لە گەشتیار.

 

 
"ژمارەی گەشتیاران کەمە و دەمانەوێ زیادی بکەین"
 
جەودەت ئۆزگۆکچە، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیا گەشتییارییەکانی ئانادۆڵی رۆژهەڵات (باکووری کوردستان) ژمارەی گەشتیارانی پارێزگای وان بە کەم دەزانێت و دەڵێت، "ئەو ژمارەیە لە ئاست خواستەکانی ئێمەدا نییە؛ هەوڵ دەدەن زیاتری بکەن".
 
لەم وەرزی زستانەدا نزیکەی 70٪ـی هۆتێلەکانی پارێزگای وان بە گەشتیار پڕبوون. جەودەت ئۆزگۆکچە دەڵێت، "لە پلانماندایە ئەو رێژەیە بگەیێنینە 100٪. تاوەکو ئێستا کەمتر کار لەسەر شوێنە گەشتیارییە زستانەکان کراوە، بەڵام لە هاویندا 100٪ـی هۆتێلەکانمان بە بەردەوامی پڕن".
 
سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیا گەشتییارییەکانی ئانادۆڵی رۆژهەڵات پێیوایە کەمبوونی گەشتیاری زستانە لە پارێزگای وان بەهۆی ئەوەیە نەیانتوانیوە ریکلامی باشی بۆ بکەن و رایدەگەیەنێت، "بەرپرسانی حکومەت لەم پارێزگایە گرنگییەکی باشیان بە کەرتی گەشتیاری نەداوە" و دەشڵێت، "ژمارەی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی وان کەمن و تەنیا لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەنتالیا و ئەدەنەوە گەشتی بۆ دەکرێت. لە هەولێر، دیاربەکر، ورمێ، سنە و کرماشانەوە گەشتی راستەوخۆ بۆ فڕۆکەخانەمەکان نییە".
 
جەودەت ئۆزگۆکچە ئاماژە بەوە دەکات کە "لە ساڵی 2019دا لە فڕۆکەخانەی وان 24 فڕۆکە هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان دابەزیوە بۆ 9 فڕۆکە" و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "لە سێ ساڵی رابردوو چەند فڕۆکەخانەیەکی نوێ لە تورکیا کرانەوە و تورکیا فڕۆکەی نوێی نەکڕی؛ بۆیە فڕۆکەکانی ئێمەیان بردن بۆ ئەو فڕۆکەخانانە. لە رووی سیاسیشەوە ئێمە لۆبییەکی ئەوتۆمان نییە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت".
 
 
پەیوەندی گەشتیاریی وان و باشووری کوردستان
 
ماوەی پێنج ساڵە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی جۆلەمێرگ و وان لە پەیوەندیدان و ئەمساڵ 67 کۆمپانیای گەشتیاری باشووری کوردستان لەلایەن یەکێتی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی باکووری کوردستانەوە بانگهێشت کران و ناوچە گەشتیارییەکانی باکووری کوردستانیان پێشاندان.
 
جەودەت ئۆزگۆکچە دەڵێت، "لەدوای ئەو سەردانەی کۆمپانیاکانی باشووری کوردستان، رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی گەشتیاران لە باشووری کوردستانەوە بۆ باکووری کوردستان روو لە زیادبوون دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە نە رێگەکەمان بۆ ئۆتۆمبێل باشە و نە گەشتی راستەوخۆشمان لەگەڵ باشووری کوردستان هەیە".
 
پێشتر تەنیا دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل هەبوو بۆ ئەوەی گەشتیارانی باشووری کوردستان پێیدا بچن بۆ باکووری کوردستان و تورکیا، بەڵام ساڵی رابردوو دەروازەی سەرزێڕ کرایەوە کە مەودای نێوان باشووری کوردستانی بۆ پارێزگای وان نزیکەی 500 کیلۆمەتر نزیک دەکاتەوە. جەودەت ئۆزگۆکچە دەڵێت، تاوەکو ئێستا بەشێک لەو رێگەیە لە دیوی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستانەوە خراپە و کار بۆ چاککردنی دەکرێت.
 
 
ژێرخانی گەشتیاریی وان "لاوازە"
 
ساڵی 2019 حکومەت پێنج پرۆژەی گەشتیاری لە وان راگەیاند کە یەک لەو پڕۆژانە ناوەندی خلیسکێنەی وەستان بوو لە چیای ئارتۆس. سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەنکار و پیشەسازانی رێکخراو لە پارێزگای وان ئەو پرۆژانە بۆ راکێشانی گەشتیاران بە گرنگ ناودەبات، بەڵام دەشڵێت، "هێشتا ژێرخانی گەشتیاریی پارێزگای وان لاوازە".
 
شەمسەدین بۆسکورت، سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەنکار و پیشەسازانی رێکخراوی پارێزگای وان لە میانی بەشداریکردنی لە رووماڵەکەی رووداودا گوتی، "ئەو سرووشت و شوێنە جوانانەی لە پارێزگای وان هەن، لەسەر ئاستی جیهان دەگمەنن. وان لە بواری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و پیشەسازیشدا ناوچەیەکی زۆر گرنگە، بەڵام بەگوێرەی ئەو توانا و تایبەتمەندییانە ژێرخانەکەی بەهێز نەکراوە".
 
شەمسەدین بۆسکورت، ناوەندی خلیسکێنەی وەستان بە شوێنێکی جوان ناودەبات، بەڵام پێیوایە بۆ دروستکردنی ئەو شوێنە لێکۆڵینەوەی دروست و باش نەکراوە، لەبەر ئەوەی تەنیا یەک بۆ دوو مانگ بەفر لەو شوێنە دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا شوێنی دیکە لە وان هەیە کە بۆ ماوەی پێنج بۆ شەش مانگ بە بەردەوامی بەفری لێ دەمێنێتەوە.
 
ئەو سەرمایەدارە داوا لە هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان دەکات بۆ گەشتکردن سەردانی پارێزگای وان بکەن و دەڵێت، وان بە پەنیر، نان، گۆشت و ماسی و دەیان خواردنی ناوازەی دیکە بەنێوبانگە و ئەوەی جارێک سەردانی ئەو پارێزگایەی کردبێت، شاهێدی بۆ میواندۆستی خەڵکەکەی دەدات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."