سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر: نزیکەی 100 بازرگان بڕیاریان داوە بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن

26-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران رایگەیاند، بازرگانی لەنێوان ئێران و پارێزگای هەولێر بەردەوامە و بانگەشەکانی بایکۆتکردنی شمەک و کاڵای ئێرانی کاریگەریی گەورەی لەسەر قەبارەی بازرگانی نێوان ئێران و هەولێر نەبووە، بەڵام سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت: "کاریگەریی هەبووە و لە هەفتە و مانگی داهاتووەوە کاریگەرییەکە زیاتریش دەردەکەوێت."
 
رۆژی هەینی، 26ـی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد سادق قەنادزادە، جێگری رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانیی رایگەیاندووە لەدوای داواکاریی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بۆ بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی هێشتا بازرگانیی لەنێوان ئێران و هەولێر هەیە و بەردەوامە.
 
قەنادزادە گوتی: "راگەیێندراوەکەی ژووری بازرگانی هەولێر بۆ بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی کاریگەریی گەورەی نەکردووەتە سەر قەبارەی بازرگانی لەنێوان هەولێر و ئێران، بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکانمان تاوەکو ئێستا شتێکی تایبەت رووینەداوە و بازرگانی بەردەوامە.'
 
جێگری رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران ئاماژەی بەوەدا، ئەو بایکۆتکردنە تەنیا لە رۆژانی کەمی رابردوو دۆخێکی دەروونی بوو و کاریگەریی گەورەی لەسەر بازرگانی نەبووە.
 
ئەمە لەکاتێدایە، کاژێر 11:30 خولەکی شەوی 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، لە هێرشەکەدا ماڵی سەرمایەداری کوردستان پێشڕەو دزەیی کرایە ئامانج، بەو هۆیەوە چوار کەس لە ماڵەکەدا گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی 11 مانگی هەبوون، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە نێوخۆ و دەرەوە لێکەوتەوە.
 
شەوی هەینیی رابردوو، 19ـی کانوونی دووەمی 2024، ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بە "تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای لە بازرگانان و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کرد، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانی ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.
 
رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەبارەی قسەکانی بەرپرسە ئێرانییەکە قسەی دیکەی هەیە و دەڵێت"ئەو داواکارییەی ئێمە کردوومانە بەهۆی شەهیدکردنی پێشڕەو دزەییە، کە ئەندامی ژوورەکەمان بوو، داواکارییەکەشمان کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی قەبارەی بازرگانی هەبووە، بەڵام کەم بووە، کاریگەرییەکان لە هەفتەی داهاتوو و مانگی داهاتووەوە دەردەکەوێت و زۆر زیاتریش دەبێت."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، گوتیشی: "لە ماوەکانی کەمی داهاتوو لە مارکێتەکان و شوێنەکانی فرۆشتنی کەلوپەلی ئێرانی، هاووڵاتیی ئاسایش هەست بە کاریگەریی ئەو بایکۆتە دەکات."
 
بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 بازرگان لە هەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی بکەن و دەڵێت: "ئەو پابەندبوونە کاریگەریی لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەبێت کە نزیکەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەبێت."
 
سێ رۆژ دوای داواکەی ژووری بازرگانیی هەولێر لە 19ـی ئەم مانگە، ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، داواکەی ژووری بازرگانیی هەولێر لەبارەی بایکۆتکردنی کەلوپەلی ئێرانی "زۆر جێگەی داخە."
 
ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، "ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵی هەتاویدا نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە، نابێت هەنگاوێک بنێن زیان بە پەرەسەندنی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوو لایەن بگەیێنێت."
 
ژوورەکە داوای کرد، بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی کەلوپەلی ئێرانی بایکۆت نەکەن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."