باڵیۆزی ئەمریکا: سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەم کە بووە هۆی پچڕانی کارەبای ملیۆنان کەس

26-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەکات و دەڵێت: "بووەتە هۆی تێکدانی ژێرخان و بچڕانی وزەی کارەبا لە ملیۆنان کەس."
 
رۆژی هەینی، 26ـی کانووی دووەمی 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاند: "سەرکۆنەی ئەو هێرشەی دوێنیی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هێرشەکە بووە هۆی تێکدانی ژێرخان و پچڕانی وزەی کارەبا لە ملیۆنەها کەس لە ناوەڕاستی وەرزی زستاندا."
 
هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی سەروەریی عێراق دەمێنێتەوە."
 
شەوی 25-01-2024 سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند نزیک کاژێر 10:45ـی شەوی پێنجشەممە، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
 
دوای هێرشەکە وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا."
 
هەروەها کۆمپانیای دانەگاز کە لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گازە، رۆژی هەینی 26-01-2024 رایگەیاند: "بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەتەواوەتی راوەستاوە، تیمەکانی بەگەڕخستن لە نزیکترین کاتدا سەرجەم رێکارەکانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دەگرنەبەر کە پێشبینی دەکرێت لە وادەیەکی نزیکدا ئەوە بکرێت."
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا دەکەن.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."