راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان: دوای کۆبوونەوەیی پارتی و یەکێتی پەرلەمان کۆدەبێتەوە

26-01-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو لە سلێمانی بکرێت، پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دەنگدان بە گۆڕانکارییە حکومی و پەرلەمانییەکان کۆببێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 26-01-2023 سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە حکومییانەی لە حکومەت و خودی پەرلەمان کران، هاوکات یەکێک لە ئەولەویەتی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ ئەو پێشنیازە یاسایانەی لەلایەن فراکسیۆنەکانی پەرلەمانەوە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی کراون لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، "خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پێویستی بە رێککەوتن و سازانی نێوان سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پەرلەمانە بۆئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێت و تێڕوانین و دید و بۆچوونی هەمووانی تێدا جێگە بکرێتەوە."
 
30-11-2022، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان کرد. سامان ئەحمەد گوتی، "هەموو کارەکانی پرۆژەیاسای کار تەواو بوون و تەنیا دەنگدانی ماوە، پێشبینی دەکەین ئەوەش بخرێتە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت."
 
بڕیارە رۆژی شەممە 28-01-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆببنەوە. شاندی هەردوولا دیاریکراون، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی د. هێمن هەورامی، عەلی حوسێن، د. پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دەبێت.
 
شاندی یەکێتیش، پێکدێن لە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی؛ دەرباز کۆسرەت رەسوول و ئاسۆ مامەند، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی؛ ئەمین بابە شێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و د. دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمەڵێک پرس تاوتوێ دەکەن، دیارترینیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرسی حکومەت و گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، پرسی داهات و خەرجییەکان، یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بەغدا و دەرەوەیە.
 
ماوەی نزیکەی ساڵێک دەبێت یەکێتی و پارتی ناکۆکیی قوڵیان لەسەر ژمارەیەک پرس هەیە، بەڵام "تیرۆرکردنی" عەقید هاوکار جاف، ئەفسەری دژەتیرۆر لە شاری هەولێر لە 07-10-2022، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبەی تەواو گرژ کرد و هەردوولا کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکدی و هەستیارییەکانیان بەرامبەر بە یەکدی زیاتر بوون، بەو هۆیەوە لە ئۆکتۆبەری 2022ەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی دیار کوردە و لۆگۆی سەنتەری میترۆ

سەنتەری میترۆ: خەڵاتکردنی دیار کوردە پێگەی پیشەیی رووداو و کاریگەریی پەیامنێرانی لە جیهان دەردەخات

سەنتەری میترۆ، خەڵاتکردنی دیار کوردە وەکو یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی بیانی لە ئەمریکا بە "موژدە و رۆژە خۆشەکە" ناودەبات و دەڵێت، ئەم خەڵاتە پێگەی پیشەیی رووداو لە جیهان و كاریگەریی پەیامنێرانی لە پایتەختی وڵاتانی دنیا دەردەخات.