بزووتنەوەی ئیسلامی: دادگەی فیدراڵی سوودی لە پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان وەرگرتووە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان رایگەیاند، ئومێد دەکەن بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ببێتە هۆکاری یەکڕیزی و تەبایی گشت پێکهاتە و لایەنەسیاسییەکانی کوردستان و دەڵێت، "بڕیارەکە رەهەندی سیاسیی هەیە و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق قووڵتر دەکاتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-1-2023، عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە نایاساییبوونی ناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، وێڕای ئەوەی کە رەهەندی سیاسی هەیە؛ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق قووڵتر دەکاتەوە، باشترین وەڵام بۆ ئەم بڕیارە یەکڕیزی و تەبایی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە سیاسیەکانییەتی."
 
گوتەبێژی بزووتنەوە لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا زیاتر دەنووسێت و دەشڵێت، "بێگومان دادگەی فیدراڵیی عێراق سوودی وەرگرتووە لە پەرتەوازەیی و ناکۆکیی لایەنەکوردستانییەکان و یەکهەڵوێست نەبوونیان لە هەمبەر هەموو پرس و بابەتە سیاسییەکان لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان، ئەمەش بە راشکاوی رەنگی دایەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی."
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لەبارەی مەترسییە یاساییەکانی ئەو دۆسییانەی کە لە بەغەداوە لە دژی هەرێمی کوردستان دەجوڵێندرێن، هۆشداریی دەدات و دەڵێت، "بەداخەوەین کە هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان تائێستا لە مەترسییە یاسایی و دەستوورییەکان لە دژی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە تێنەگەیشتوون، ئەگینا ملیان بۆ یەکتر دەدا و دەهاتنە ژێربار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و دەستبەرداری بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکان دەبوون، هیوادارین ئەمە ببێتە مایەی یەکڕیزی و تەبایی گشت پێکهاتە و لایەنەسیاسیەکانی کوردستان."
 
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێچەوانەى یاسای بودجەى 2021 و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی ساڵى 2019  بوون کە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان پێویستى بە پاکتاوى دارایی پەیوەست بە داهاتى نەوت و نانەوتیى هەرێمى کوردستان هەیە و ئەنجوومەنى وەزیران نابێت بڕیارێک دەربکات کە قورسایی ئابوورى بخاتە سەر خەزێنەى دەوڵەت بە پێچەوانەى یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی.
 
ئەو شەش بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەلایەن دادگەکە بە "نادەستووری" دانراون، پێنج بڕیاریان تایبەت بوونە بە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، واتە یەک ترلیۆن دینار، بڕیارێکیشیان تایبەت بووە بە ناردنی سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.