گوتەبێژی یەکێتی: لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانمان لەگەڵ پارتی چارەسەر دەکەین

26-01-2023
شەنگە ئەحمەد
سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، کێشەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر مێزی کۆبوونەوە لە شاری سلێمانی باس دەکرێن و گوتیشی، "گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتاییهاتنی گرفتەکان لەپێشینەمان دەبێت".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-1-2023، سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو ئامادەی بوو رایگەیاند، هەوڵدەدەن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ باسی کێشەکانیان بکەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت.
 
لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "هەر بودجەیەک لە حکومەتی عێراقییەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان، نە خێرە نە سەدەقە، بەپێی دەستوور حکومەتی عێراقی دەبێت پابەندی ئەو رێککەوتننانە بێت کە دەیانکات و ناکرێت ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بە سیاسی بکرێت".
 
سۆران جەمال تاهیر ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارەوە پێشوازی لە هەڵبژاردن دەکات، بەڵام بە کۆدەنگ لەگەڵ لایەنەکان، پێمان باشە سەرەتا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت پاشان لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هاوڕاین کە دەبێت هەڵبژاردن لە چەند بازنەیەکدا بێت، بە نیزامی بایۆمەتی و پاککردنەوەی  سیستمی دەنگدان".
 
گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوەش کرد، "پێویستە ئەو گرفتە ئابوورییانەی کە لە نێوان پارتی و یەکێتی هەن، لەسەر مێزی کۆبوونەوە باس بکرێن، چارەسەری هاوبەشی بۆ بدۆزرێتەوە، گرنگە یەک سەبەتە هەبێت بۆ کۆکردنەوەی داهات، ئەولەوییەت دابینکردنی مووچەی هاووڵاتییان بێت".
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ سۆران جەمال تاهیر گوتی، پێویستە حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتن بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەپێی دەستووری عێراقی نابێت لەو بڕیارانە پاشگەزبێتەوە کە دەیاندات، "ئەو رەفتارانەی حکومەتی عێراقی متمانەمان کەمدەکاتەوە و بۆ هەر بڕیارێکی دیکە زیاتر ورتر دەبین لە مەرجەکانمان".
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-01-2023 د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لە سەرووی هەمووانەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک کێشە هەن و هەوڵدەدەین ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، بڕوام وایە چارەسەریش دەبن."
 
لەبارەی چۆنێتیی چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ یەکێتی، د. پشتیوان سادق گوتی، "لە ساڵانی رابردووشدا کێشە هەبووە، بەڵام بە دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەر کراوە. لەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە رۆژی شەممە لەنێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بکرێت، خشتەیەک دادەنێین بۆ چارەسەری کێشەکان، لەبەرئەوەی بە دانیشتنێک رەنگە ئەم کێشانە چارەسەر نەبن، بەڵام کێشەکانیش ئەوەندە گەورە نین لێیان بترسێین و پێمانوابێت چارەسەر ناکرێن."
 
لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی بڕیارە شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی باسی بکەن د. پشتیوان سادق گوتی، "بابەتەکان کێشەی ئەمنی و دارایی و ئیدارین."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ سۆران جەمال تاهیر 
 
رووداو: بڕیارە شەممە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، کۆبوونەوەکە لەکوێ دەکرێت و باسی چی دەکرێت؟

سۆران جەمال تاهیر: ماوەیەکە ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتیی کوردستان، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕای نێوان هەردوولامان، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە هەن، هەردوولامان بڕیارماندا کە رۆژی یەکشەممە لە شاری سلێمانی وەفدی یەکێتی لەگەڵ پارتی ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ هەر کێشە و گرفتێک هەیە چارەسەری بکەین، هەروەها باسی چۆنێتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت و بەتایبەتی کە لەم دواییانەدا چەندین بڕیار دران، بتوانین گفتوگۆی لەسەر بکەین.

رووداو: شاندەکەی یەکێتی لە کێ پێکهاتووە و باسی کام کێشە دەکرێت؟

سۆران جەمال تاهیر: وەفدی یەکێتی، هەم لە ئاستی ئەو تیمەی لە حکومەتدا هەیە و هەم سەرکردایەتی، هەروەها هەڤاڵانمان لە دەستەی کارگێڕی بەشدار دەبن، لەلایە یەکێتییەوە پاڵپشتییەکی تەواوی ئەو تیمە دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەیەکەوە گفتوگۆ بکەن لەگەڵ لایەنی بەرامبەرمان کە پارتییە و دەسەڵاتی تەواویان دەبێت. دوای گفتوگۆ کردن پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیدا دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن. لای ئێمە، وەفدەکانی هەردوولا هەرکەس و هەر ناوێک بن، گرنگ ئەوەیە کە ئەو داخوازییانەی لەلایەن هەردوولاوە هەن، بتوانین گفتوگۆیان لەسەر بکەین و چی باشە بۆ هەرێمی کوردستان بیکەین.

رووداو: یەکێتی سوورە لەسەر داوکارییەکانی لەبارەی هەڵبژاردن، وەکو فرەبازنەیی و پشتبەستن بە بایۆمەتری عێراق؟

سۆران جەمال تاهیر: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارەوە پێشوازی لە هەڵبژاردن دەکات، بەڵام بە کۆدەنگ لەگەڵ لایەنەکان، پێمان باشە سەرەتا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت پاشان لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هاوڕاین کە دەبێت هەڵبژاردن لە چەند بازنەیەکدا بێت، بە جۆرێک لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، بە نیزامی بایۆمەتی و پاککردنەوەی سیستمی دەنگدان، بۆ پێکهاتەکانیش بە جۆرێک رێکبکەوین کە ئەوانەی دەچنە پەرلەمان، نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەکان بکەن.

رووداو: یەکێتی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟

سۆران جەمال تاهیر: لە رابردوو، ئێستا و داهاتووشدا، هەر بودجەیەک لە حکومەتی عێراقییەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان، نە خێرە نە سەدەقە، بەپێی دەستوور حکومەتی عێراقی دەبێت پابەندی ئەو رێککەوتننانە بێت کە دەیانکات، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو، ئیجرائات بکرێت، بەڵام ناکرێت ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بە سیاسی بکرێت. ئێمە لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتدا ئێمە وەکو یەکێتی و پارتی لەگەڵ شیعە و سوننە بەشداربووین، پشتگیریکردنمان لەم حکومەتەی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی بنەمایەکی سەرەکی هەبوو، کە لایەنە سیاسییەکان بەشداربن لەو بڕيارانەی کە دەدرێت، خۆشبەختانەش لە ماوەی رابردوودا لە ئاستی پێویستدا بووە و پشتگیریی تەواومان بۆ ئەو حکومەتە دەربڕیوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا کە ئەو بڕیارەی دادگە دەرچوو لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی ئەوەی ناسەقامگیریی دروستبێت، بێمتمانەیی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دروستبێتەوە و ئەمەش نابێتە هۆی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەک دژی ئەوەین کە ناردنی بودجە و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە سیاسیی و یاسایی بکرێت، زۆر رێگەی دیکە هەن کە دەتوانرێت ئیجرائات لەوبارەوە بکەن.

رووداو: تیمی یەکێتی دەگەڕێتەوە ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران؟

سۆران جەمال تاهیر: تیمی یەکێتی هەر لە سەرەتاوە بەشداربوون لە کۆبوونەوەکاندا، بەڵام ئێمە رێژەی بەشداریکردنەکانمان، بەتایبەتی سەرۆکی تیمەکەمان کە جەنابی کاک قوبادە، بەشداریی نەکردووە، ئەمە بەهۆی چەند نیگەرانییەک بووە، ئەگەر ئەم کۆبوونەوانەی رۆژی شەممە بە ئاقارێکی باشدا بڕۆن، بەشێوازێک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی کوردستان، لەسەر بنەمای شەراکەت و رێککەوتنەکانی نێوانمان بێت، پابەندبوونمان بە رێککەوتنەکانمان لەسەر پێکهێنانی حکومەت و کۆبوونەوەکانی نێوانمان، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی متمانە، کە متمانە گەڕایەوە، چارەسەرکردنی کێشەکانیش ئاسان دەبێت. بەشدارینەکردنیش لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی پەیامەکانمان بگەنە جێگەی خۆیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بووک و زاوا

بووکێک لە وان سێ کیلۆ زێڕ و چوار ملیۆن لیرەی بە دیاری پێشکێش کرا

لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، میوانان لە چوار وڵاتی جیاوازەوە بەشداربوون؛ سێ کیلۆ زێڕ و چوار ملیۆن لیرەی تورکی (120 هەزار و 800 دۆلار) وەکو دیاری پێشکێشی بووک و زاوا کرا