عەلی حەمەساڵح: دۆسیەیەکم لەبارەی قاچاخیکردن لە دەروازەی سنووریی باشماخ بردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

عەلی حەمەساڵح رایگەیاند، لە دادگەی پێنجوێن دۆسیەیەکی لەبارەی قاچاخیکردن لە دەروازەی سنووریی باشماخ بردووەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-12-2022 عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان دوای ئەوەی کە لەسەر داوای خۆی پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا، لەبارەی سکاڵایەکی دەروازەی سنووریی باشماخ چووە دادگە و بە گوتەی خۆی دۆسیەکەی بردووەتە.
 
عەلی حەمەساڵح لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، بەڕێوبەرایەتیی كۆمەڵگەی باشماخ بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست لەبارەی قاچاقچێتی لەو دەروازە سنوورییە سکاڵای لەسەر عەلی حەمەساڵح تۆمارکردووە و لەکاتی دادگاییکردنەکەدا ڤیدیۆ و وێنەی 38 بارهەڵگری بە ژمارەکانیانەوە خستووەتەڕوو.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەدات، "36 بارهەڵگریان گومرگیان نەداوە: واتە بە قاچاخ داخڵبوون". بڕیارە لە رێگەی داواکاری گشتی و بە بەڵگەی یاسایی ئەوانەی قاچاخییان کردووە و ئەوانەشی لە پشتی کارەکەن بدرێنە دادگە.