رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە قەزای پێنجوێن نزمترین پلەی گەرما کە تۆمارکرابێت 15-یە، شەپۆلێکی بەفر و بارانبارینیش هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە لە سلێمانی بەفر دەبارێت و لە هەولێریش باران.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە 26-1-2022 نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سپی نێوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات و رۆژی پێنجشەممە کاریگەریی شەپۆلەکە چالاکتر دەبێت و لەگەڵ بارانبارین و بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات.
لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلەدا لە سەنتەری سلێمانی و هەڵەبجە سەرەتا نمەباران دەبێت و دواتر دەبێتە بارانی ئاسایی؛ لە "سلێمانی بەفریش دەبارێت."
هاوکات، لە سەنتەری دهۆک لەگەڵ نمەباران هەندێکجار ئەگەری کەمیی بەفربارین هەیە، لە سەنتەری کەرکووکیش نمەباران دەبارێت. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ کەشوهەوا جێگیر دەبێت و لە درەنگانی شەودا بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد پێدەچێت شەپۆلێکی بارانبارین و بەفربارین زۆربەی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە."
بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی دەڵێت، سەرەتا ئەو بارستە هەوا ساردە و بەفر و باران بارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و سبەی پێنجشەممە بە تێپەڕبوونی کات ئەگەری بەفر بارین دەبێت.
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، ئەو شەپۆلە بە بارانبارین لە سەنتەری شار دەستپێدەکات و لە ناوچە سنوورییەکانی سلێمانی و شاخەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ ئەگەری بەفر بارین هەیە. هەروەها بەهۆی ئەوەی بارانێکی زۆر دەبارێت ئەگەری لافاو هەیە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی خۆیان بۆ ئەگەری هەر رووداوێک ئامادەکردووە.
ئاوات عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ ئەو شەپۆلی بەفربارینە بەپێی پێشبینییەکانی سلێمانی، بڕیارە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە سلێمانی بکات و ئێمە بۆ هەر رووداوێک لە حاڵەتی ئامادەباشیداین. لەنێو سەنتەری سلێمانی 13 بنکەمان هەیە و بە بەردەوامی 24 کاژێر لە ئەرکدان."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەشڵێت، پێشتر لەگەڵ شارەوانی هەماهەنگیمان هەبوو بۆ پاککردنەوەی هەموو دەرچەی ئاو و مەنهۆڵەکان بۆ ئەوەی لە کاتی بارانبارین نەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان هەرە نزمترین پلە گەرمییە تۆمارکراوەکانی بڵاوکردەوە کە پێنجوین ساردترین ناوچەیە و 15- پلەی سیلیزییە و ناوچەکانی دیکەش بەمشێوەیەیە:
حاجی ئۆمەران 5-
ماوەت 5-
بازیان 5-
مێرگەسوور 2-
سۆران 2-
سمیلان 2-
سلێمانی 1-
چەمچەماڵ 1-
هەڵەبجە 0
دهۆک 3
هەولێر 4
کەرکووک 4
لە دهۆکیش ئامادەکاریی کراوە. نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە دهۆک دەڵێت، ئێستاش کاریگەریی ئەو شەپۆلەی سەرما لەسەر ناوچەکە ماوە و لە هەندێک شوێن 13- پلەیە. پێشبینی دەکرێت لەنێو سەنتەری شارەکان نمەباران ببارێت و لە گوندەکانی دەوروبەری دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێک کە ببێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو یان دروستبوونی لافاو.
شەپۆلێکی بەفربارین باکووری کوردستان دەگرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی کەشوهەوای تورکیا هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بەفر لە 7 پارێزگای باکووری کوردستان. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کەشناسیی تورکیا، لە بەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی نوێی بەفر و سەرما لە پارێزگاکانی ئامەد و خارپێت و دێرسم و ئەرزینجان و چەولیگ و رووها و دەستپێدەکات، هاووڵاتیان ئاگادارکراونەتەوە کە مەترسیی بەفر و سەرما لەو ناوچانە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ