حیزبی شیوعی داوای پێکهێنانی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات

26-01-2017
سیروان عەباس
نیشانەکردن حیزبی شیوعی
A+ A-

رووداو - هەولێر

حیزبی شیوعی كوردستان نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەری دۆخی سیاسیی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاودەكاتەوە و داوا دەكات، ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی هەرێم پێكبهێنرێت.

رۆژی چوارشەممە 25-1-2017  لەكۆبوونەوەیەكی نێوخۆییدا، حیزبی شیوعی كوردستان نەخشەڕێگای خۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و قەیرانی دارایی خستەڕوو.

لە نەخشەرێگاكەی حیزبی شیوعی هاتووە "ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی كاتی كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت لە (سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی هەرێم و كەسی یەكەمی حزبەكانی نێو پەرلەمان نوێنەرانی پێكهاتەكانی توركمان و كلدان ئاشور سریان) پێكبێت لە پەرلەمانەوە بەیاسایی بكرێت و دەسەڵاتەكانی دیاریبكرێت تاوەكو هەڵبژاردن لە ئەیلوولی 2017".

بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، لە بەشێكی نەخشەڕێگاكەی حیزبی شیوعی داواكراوە: "وازهێنان لەو سیاسەتە ئابوورییەی كە لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە بۆ حكومەتی هەرێمى كوردستان داڕێژراوە و لە ئایاری 2016 راگەیێندرا".

دەقی نەخشەڕێگای حیزبی شیوعی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان:

پێشەكی

نزیكەی دوو ساڵە قەیرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، بە جۆرێك تێكڕای بوارەكانی كاری دامەزراوەكانی گرتۆتەوە. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بوونی قەیرانی ئابوری كە كارتێكردنەكانی لەسەر بژێوی و ژیان و گوزەرانی خەڵك زۆر بەخراپی رەنگیداوەتەوە. هاوكاتبوونی هەردوو قەیرانەكەو بوونی ئاستەنگ و مەترسییەكان لەسەر دوارۆژی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامبوونی گرفتی دەوڵەت لە عێراقدا كە خۆی لە جۆری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ دەبینێتەوە و مەترسییەكانی تیرۆر لە ناوچەكە بەگشتی و بەردەوامبوونی شەڕ و بارگرژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قوڵبوونەوەی جەمسەرە هەرێمایەتییەكان و ناكۆكی بەرژەوەندیی زلهێزەكان و رەنگدانەوەیان لەسەر رەوشی ناوچەكە بە گشتی، تێكڕای ئەم خاڵانە سیمای بارودۆخی كوردستان و ناوچەكەیە، هاوكات، نەبوونی یەكڕیزی‌و یەكگوتاری هێزە سیاسییەكانی كوردستان و ئیفلیجبوونی دامەزراوە شەرعییەكان پەرەی سەندوە‌و حزبی شیوعی كوردستان بەرپرسیارێتی راستەوخۆ دەخاتە ئەستۆی حزبەكانی حوكمڕان.

حزبی شیوعی كوردستان لەروانگەی خستنەڕووی ئەم تابلۆیەی رەوشی سیاسی و ئەگەری جۆراجۆری پەرەسەندنەكان، پرۆژەی خۆی رادەگەیەنێت، كە نەخشەرێگایەكە بۆ خستنەڕووی میكانیزمێك بۆ گەیشتن بە پرۆژەیەكی گشتگیری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە مامەڵەكردن لەگەڵ رەهەندی قەیرانەكان و كاركردن بۆ دەربازبوون و چارەسەركردنی گونجاو كە لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان و بنیاتنانی دیموكراسی و زەمینەخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی مافی بڕیاردانی چارەنووس و بڕیاری خەڵكی كوردستان بۆ هەڵبژاردەی مێژوویی خۆی.

بنەمای سەرەكی ئەم نەخشەرێگایە پشت بە پرۆژەی حزبی شیوعی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی كە لە حوزەیرانی 2015 رایگەیاند، پاڵپشت بە بۆچوونەكانی شەشەمین كۆنگرەی حزب لە تشرینی یەكەمی 2016، كە حزبی شیوعی پێیوایە كێشەی سەرەكی خۆی لەچۆنیەتی بونیادنانی دامەزراوەكان و گۆڕینی سیاسەتەكانی پەیڕەوكراو سەبارەت بە رەوشی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كوردستان دەبینێتەوە، كە پرۆژەكەی چارەسەری چۆنیتی دەربازبوون لەم قەیرانانە دەكات.

یەكەم/ قەیرانی سیاسی

قەیرانی سیاسی لە كوردستاندا خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:

1ـ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان

لە حوزەیرانی 2015 حزبی شیوعی كوردستان بۆ چارەكردنی ململانێ و قەیرانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەشداربوو لە حكومەتدا سەبارەت بە بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم، پشتگیری لە چەمكی سازانی لایەنەكانی ناوەندی بڕیار لە حكومەتدا كرد بۆ چارەكردنی ئەم بوارە. لە هەمان كاتدا ئەوەی خستە روو كە لە حاڵەتی نەگەیشتنە سازان سەبارەت بە پرۆژە جۆراجۆرەكانی لایەنە ناكۆكەكان، حزبی شیوعی داوادەكات كە ئەنجومەنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی كاتی كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت لە (سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی هەرێم و كەسی یەكەمی حزبەكانی نێو پەرلەمان نوێنەرانی پێكهاتەكانی توركمان و كلدان ئاشور سریان) پێكبێت لەپەڕلەمانەوە بەیاسایی بكرێت و دەسەڵاتەكانی دیاریبكرێت تاوەكو هەڵبژاردن لەئەیلولی 2017، بە مەبەستی زەمینەخۆشكردنی بەردەوامبوونی گفتوكۆكان و رێگاگرتن لەئەگەرەكانی گرژی نێوان لایەنەكان و ئەم پرۆژەیە تائێستا گونجاوە بۆ چارەسەری بەشێكی گرفت و قەیرانەكان.

حزبی شیوعی تێبینیكردووە، كە لە نێو ناوەندەكانی بڕیاری سیاسی هەر پێنج حزبەكەی دەسەڵات بەجیاوازی رۆڵ و كاریگەریان و بەعەقلیەتی چارەسەركردنی قەیران بە قەیرانێكی دیكە ئەنجامدرا و ئاكامەكەشی بە زیادبوونی ناكۆكی و بارگرژی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خراپتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە. تەواوبوونی ماوەی یاسایی سەرۆكی هەرێم و پەكخستنی پەرلەمان و كاری حكومی و لاوازی متمانەی خەڵك بەم دامەزراوانە لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی ئابوری پەرەی سەند.

لەگەڵ كۆتاییەكانی ساڵی 2016 و سەرەتاكانی ساڵی 2017 گفتوگۆی نێوان لایەنە ناكۆكەكان دەستیپێكردوە و پێشنیازی گۆڕانكاری لەپۆستی سەرۆكی هەرێم‌و، هاوكات لەگەڵ گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و دانانی حكومەتێكی نوێ. هەرچەندە گفتوگۆكان بە خێرایی ناڕوات كە بگونجێت لەگەڵ رەوتی خێرایی پەرەسەندنەكان لە ناوچەكە بە گشتی، حزبمان دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی بێمەرج بە خاڵی ئەرێنی دادەنێت و داوای خێراكردنی كۆبوونەوەكان بە بەشداری سەرجەم لایەنەكانی سیاسی كوردستان دەكات و پشتگیری بیرۆكەی گۆڕانكاریییەكان. كە هەنگاوی یەكەم ئاسییكردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنەكانەو دواتر گفتوگۆی گۆڕانكارییەكان دێتە پێشەوە.

حزبمان پێیوایە كە ئەنجامدانی ئەم ئەركە لەم هەلومەرجەدا كارێكی ئاسان نییە، بۆیە ئەلتەرناتیفی خۆی بۆ ئەم رەهەندە لەوەدا دەبینێتەوە ئەگەر لە ماوەیەكی دیاریكراودا سازبوون لەسەر ئەم رەهەندە نەكرێت، ئەوا باشترین و گونجاوترین رێگا گەڕانەوەیە بۆ پرۆژەی حزبمان كە لە حوزەیرانی 2015 رایگەیاندبوو ئەوەش دانانی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی هەرێمە تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 2017دا، كاری ئەم ئەنجومەنە كاتی دەبێت و بەرپرسیارێتی سیاسی دەكەوێتە ئەستۆ بۆ گەیشتن بەسازانی نیشتمانی كۆگیر لەسەر پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان. لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا واتە لەئەیلولی 2017 و راپرسی لەسەر چۆنێتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەكاتی نووسینەوەی دەستور ئەگەر رێككەوتنی لەسەر نەكرا، ئەم پێشنیازە لە پرۆژەی حزبمان لە حوزەیرانی 2015 دا هاتبوو.

2ـ سەرۆكایەتی پەرلەمان:

حزبمان لەو باوەڕەدایە كە پەرلەمان جگە لەوەی دەزگایەكی تەشریعییە لە وڵاتدا، شوێنی گونجاوی یەكلاكردنەوەی پوختەی ناكۆكییانە لەسەر پرۆژە سیاسی‌و ئابوری‌و ئیدارەدانی ململانێی سیاسییەكان بە شێوەیەكی دیموكراسی مەدەنییانە. بێگومان سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان سەر بە حزب و لایەنی سیاسیین و لەلایەن حزبەكانیانەوە ئاراستە دەكرێن و هەڵوێستەكانیان لەسەر حزبەكانیان دەژمێردرێت، كە ئەمەش هەڵەنییە. بەڵام كۆی پرۆسەكەی ناو پەرلەمان لەئیدارەدانی ململانێكان سەركەوتووانە نەبوو. 
حزبمان گۆڕانگاری لە سەرجەم ئەندامانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەكارێكی ئاسایی دادەنێت، لەچوارچێوەی پاكێجی گۆڕانكارییەكاندا كە كابینە پێنج قۆڵییەكەش دەگرێتەوە.
 
3. حكومەتی هەرێم

هاوكات لەگەڵ گەشتنە رێككەوتن‌و سازان لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان، پێویستە رەوشی ئێستای حكومەتی هەرێم چارەسەر بكرێت، كە تێكڕای ئەم سێ بابەتەش بە یەكترەوە گرێدراون.

حزبمان لەگەڵ بەردەوامبوونی حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستانە وەك حكومەتێكی ئینتقالی كە كاربكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی لە 2017 دا. بەشێوەیەك حزبەكانی ئیئتیلاف تێیدا بەرپرسیارێتی قەیرانی سیاسی‌و ئابوری و تێكچوونی ژیانیان لەئەستۆدایە و بەدەر ناكرێن. 

4. دەسەڵاتی دادوەری

حزبی شیوعی لەنەخشە رێگای خۆی بۆ كابینەی هەشتەمدا، پرسی دەسەڵاتی دادوەری خستبووە بەرچاو، كە تێدا، داوای گێڕانەوەی ئەم دەسەڵاتەو بەهێزكردنی پایەكانی سەربەخۆبوونی كردبوو، بەشێوەیەك كە توانای سەپاندنی سەروەری یاسای هەبێت، كە بەشێكی زۆری كێشەكانی كوردستان پرسی یاسایی‌و دەستورین، بۆیە بەهێزكردنی ئەم دەسەڵاتە هاوكارێكی باشی چارەسەری قەیرانەكان دەبێت.

دووەم/ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

لە نێو بەشێكی زۆر لە لایەنەكانی سیاسیی كوردستان بیرۆكەی ئەوە هەیە كە بە هۆی رەوشی سیاسی و گرفتەكان و بوونی قەیرانەكان و بارودۆخی ناوچەكەو مەترسی تیرۆر، رەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی كە ساڵی 2017 یە نەكرێت.

حزبمان پێیوایە بەشێك لە چارەسەركردنی قەیرانەكان بە دەستپێكردنی گفتوگۆی لایەنەكان دەست پێدەكات.

بەشێكی دیكە لەگرفتە قووڵەكان كە سازانی لەسەر ناكرێ، یان ناتوانرێت بە جێبهێڵرێت‌و، بە بۆچونی حزبمان هەڵبژاردن و گەڕانەوە بۆ رای گشتی خەڵك و باپەندبوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بە ئاكامەكانی، شێوازی گونجاوە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە گرەییەكان. بە پێی ماوەی یاسایی دەبێ لە ئەیلولی 2017 هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و پێویستە حكومەت پێش شەش مانگ واتە لە مانگی ئازاردا، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ ئەم مەبەستە ئاگاداربكاتەوە. 

سێیەم. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ

هەرچەندە لە ساڵی 2005 دا دەستوری عێراقی فدراڵ راگەیەنرا، بەڵام تا ئێستا ئەو ماددانەی كە تەنانەت دەستوری فدراڵ دەستنیشانی كردوە بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فدراڵ بەشێكی زۆری جێبەجێنەكراوە بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم هەیە كە لە دەستوردا بە ناوچەی ماددەی 140 هاتووە، جگە لەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە پیداكردنی دەسەڵاتی سیادییەوە هەیە و بابەتەكانی بودجە نەوت و گاز وەزعی پێشمەرگە و چەندین بابەتی دیكە.

خاڵی هاوبەشی تێكڕای ئەو گرفتانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەوڵەتی عێراق تەنها لە دەستوردا فدراڵییە و حكومەتی فدراڵ وەك حكومەتێكی ناوەندی رەها رەفتار دەكات و ئامادە نییە تێكڕای كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بكات. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا جگە لە گرفتی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فدراڵ، لە عێراقدا گرفتی دەوڵەت و بەكردەوە بوونی سیستمی تایفەگەری لە ئارادایە. بۆیە پرسیاری گرنگ كە لە ئارادایە پەیوەندی بە چارەنووسی عێراق وەك دەوڵەت هەیەو كارتێكردنی گرفتی دەوڵەتی عێراق لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان.

بۆچوونی حزبمان سەبارەت بەم بابەتە ئەوەیە كە لەگەڵ هەنگاونان بۆ چارەكردنی قەیرانەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دانوستان لەسەر بنەمای بۆچوونی یەكگرتووی لایەنە سیاسییەكان و یەكڕیزی لە هەڵوێستەكان لەگەڵ حكومەتی فدراڵ بكرێت بە مەبەستی گەیشتن بە دەستنیشانكردنی چارەنووسی هەرێمی كوردستان و یەكلاكردنەوەی كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بە شێوەیەكی ئاشتی‌و دیموكراسی و مەدەنییانە تا گەیشتن بە قەوارەی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان. كە ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابوری و بەیەكەوەژیانی گەلانی ناوچەكە بە ئاشتی و ئازادی.

چوارەم. دەستووری هەرێمی كوردستان

لەگەڵ هەنگاونان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم رەهەندەكانی قەیرانەكان لە كوردستان و تێكۆشان لە پێناوی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان، كاركردن لەسەر ئامادەكردنی پرۆژەی دەستور كارێكی بنەڕەتی‌و ئێجگار گرنگە. لەم بوارەشدا بۆچوونی حزبمان بەم جۆرەیە:
ــ بڕیاردانی دەستورێكی دیموكراسی مەدەنی سكولار.

ــ رەنگدانەوەی سازانی نیشتمانی كۆگیر كە لە نێوان لایەنەكانی سیاسی دەكرێت سەبارەت بە چۆنیتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانی لە دەستوردا، ئەگەرنا ئەم بڕگەیە بخرێتە بەردەم رای گشتی.

ـ رەچاوكردنی دوارۆژی هەرێمی كوردستان و كاركردن بۆ بڕیاردانی مافی چارەنووس و دەستنیشانكردنی سنوری هەرێمی كوردستان.
 
پێنجەم: پەیوەندی دەرەكی هەرێمی كوردستان

پەیوەندی دەرەكی هەرێمی كوردستان و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستی بە دانانی بەڵگەنامەی سیاسەتی دەرەكی هەرێمی كوردستانە كە سیاسەتی حكومەت بێت نەك سیاسەتی حزبەكانی دەسەڵات، كە دوو جەمسەری دروستكردووە گرنگە ئەو بەڵگەنامەیە پشت بە بڕیاری سەربەخۆی نیشتمانی كوردستان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، ببەستێت، دانانی كەسانی پسپۆر لەسەربنەمای لێهاتوویی‌و توانا‌و پیشەیی بەدەر لەبەشبەشێنەی حزبی.

شەشەم: قەیرانی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا

ماوەی دوو ساڵ زیاترە قەیرانی ئابوری هەرێمی كوردستان كارتێكردنی زۆر نەرێنی لەسەر ژیان و بژیوێ خەڵك كردووە. ئەم قەیرانە لە ئاكامی سیاسەتی ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە چەندین ساڵە پیادەی دەكات‌و شكستی هێناوە، هاتۆتە كایەوەو لەهەلومەرجی ئێستادا خۆی لە هەرەسهێنانی ئابوری بەرخۆر (ریعی) لە كوردستان كە پشتدەبەستێت بە تەنها سەرچاوەی نەوت و فەرامۆشكردنی كەرتەكانی بەرهەمهێنانی دیكەو شكستبوونی سیاسەتی مامەڵەكردن لەگەڵ وزەی مرۆیی لە كۆمەڵگاو نەبوونی متمانە نێوان خەڵك حكومەت دەبینێتەوە، حزبەكانی حوكمڕان، بەشێكی سیاسەتە ئابورییەكەیان لەبەرژەوەندی بەرتەسكی بەدەستهێنانی نفوزی حزبی خۆیان پەیڕەو كردووەو دواجار حكومەت‌و خەڵكیان دوچاری ئەم رەوشە كرد.

سیاسەتی حكومەتی هەرێم بۆ چارەكردنی قەیرانی ئابوری پشتی بەستوە بە بەرنامەی بەنكی نێودەوڵەتی كە خۆی لە پاشەكەوتی زۆرەملێ و زیادكردنی رسومات و ئاراستەكردن بەرەو بەتایبەتكردنی ئابوری بە تایبەتی لە بواری كارەبا و خزمەتگوزاری تەندرووستی و كاركردن بۆ كەمكردنەوی مووچە و كرێ بەشێوەكی فەرمی و كردنەوەی ئابوری كوردستان بەرامبەر وەبەرهێنانی رەهاو بێ سنوور، دەبینێتەوە. تێكڕای ئەم بابەتانە خۆی لە هەڵبژاردنی نمونەی نیولیبرالیزم لە سیاسەتی ئابورییە كە لەسەر حسابی لاوازی گەشەپێدان و زیادبوونی قەوارەی نەداران و هەژارییە.
حزبمان بۆ چارەكردنی قەیرانی ئابوری ئەم خاڵانە دەخاتە روو:

ـ وازهێنان لەو سیاسەتە ئابورییەی كە لەلایەن بەنكی نێودەوڵەتییەوە بۆ حكومەتی هەرێم داڕێژراوە و لە ئایاری 2016 راگەیەنرا.

ـ دانانی سیاسەتێكی ئابوری نوێ لەسەر بنەمای چەمكی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام، بە سوودوەرگرتن لە توانای پسپۆرەكانی كوردستان و ئەو ئەزمون و پسپۆرە نێودەوڵەتییانەی كە بە پێچەوانەی نموونەی بەنكی نێودەوڵەتی لە سیاسەتی ئابوری بیردەكەنەوە.

ـ پیادەكردنی سیاسەتێكی روون و شەفاف لە بواری نەوت و گاز و داهات و گرێبەستەكانی ئەم بوارە.
ـ بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی قۆرخكاری‌و دەستڕۆیشتوی حزبی لەسەر بازاڕ‌و پرۆژەكان‌و ئاكتیڤكردنی دەزگاكانی تایبەت بەم بوارە لەوانە چاودێری دارایی و دەزگای دەستپاكی و بەشداری پەرلەمانی كوردستان لە ئەركی چاودێریكردن.

ــ كەمكردنەوەی خەرجی زێدەڕۆ لە بواری كاری حكومەتدا بە جۆرێك لەسەر كەمكردنەوەی خزمەتگوزاری گشتی بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پەروەردە و خوێندن نەبێت.
- بڕیاردانی بودجەی ساڵی 2017‌و حسیاباتی كۆتایی ساڵ.

ــ راگرتنی بەتایبەتی كردنی رەها كە بەپێی رەچەتەی بەنكی نێودەوڵەتی دەكرێ لە تێكرای بوارەكان بەتایبەتی لە بواری كارەبا و كاركردن بۆ دروستكردنی كۆمپانیای هاوپشكی (شەریكات مساهمە) كە پشكی حكومەتی تێدا بێت‌و بایەخدان بەسیستمی بانكی پێشكەوتوو، هەنگاونان بۆ دانانی یاساكانی بیمەی تەندرووستی‌و چاودێری ‌و هاوكاری كۆمەڵایەتیی بۆ پاراستنی تاكی كوردستان لە هەنگاوەكانی بەتایبەتكردن لە كەرتی تەندرووستی.

ـ چاوگێڕانەوە بە سیستمی پاشەكەوتی زورەملێ و كاركردن بۆ كۆتاییپێهێنانی و پاراستنی مافی فەرمانبەرانی دەوڵەت.

كۆتایی

حزبی شیوعی كوردستان لە كاتێكدا ئەم نەخشەڕێگایە دەخاتە روو، داوا لە سەرجەم لایەنەكانی سیاسی كوردستان بەتایبەتی پارتی ‌و یەكێتی دەكات كە بەخەمخۆری و بە رەچاوكردنی ئاڵۆزی رەوشی تێكڕای ناوچەكە مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكان بكەن. ئەمەش بە یەكڕیزی و كۆكبوون لەسەر هەڵوێستی هاوبەش دەبێت‌و داوا لەلایەنەكان دەكات ئەم نەخشە رێگایە وەكو بنەما وەربگرن، لە هەمان كاتدا حزبمان پێیوایە باشترین پشتگیری بۆ سەرخستنی ئەم نەخشەرێگایە، بە كاركردن و قەناعەتكردنی جەماوەری كوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوازی دیموكراسی مەدەنی و ئاشتییانە بەردەوام بن لە نارەزایەتییەكانی خۆیان سەبارەت بە رەوشی ئەمڕۆی كوردستان و هەر ئەمەش دەبێتە ئامرازێكی فشار بەسەر لایەنە ناكۆكەكان كە لەسەر پرۆژەیەكی گشتگیر كە لەبەرژەوەندی دوا رۆژی كوردستان بێت، رێككەون.

داڕشتنەوە: حەكیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە