رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری بەشێک لە بێسەروشوێنبووەکان لە هەرێمی کوردستان داوا دەکەن بەدواداچوون بۆ ونبوونی رۆڵەکانیان بکرێ، بەشێکی ونبووەکان لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس و بەشێکیشیان لە سەردەمی شەڕی داعش یان ساڵانێکی کەمە ونبوون. راوێژکارێکی یاسای نێودەوڵەتی دەڵێت: بۆ هەر بەدواداچوونێک گرنگە سەرەتا کەسوکاری ونبووەکان داوا لە دادگەی لێکۆڵێنەوە تۆمار بکەن.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، جارێکی دیکە هیوا بۆ چەندین خێزان لە باشووری کوردستان گەڕایەوە کە ونبوویێک یان زیاتریان هەیە. بەشێکی زۆری ئەو خێزانانە پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و داوا دەکەن حکومەت و رێکخراوەکان بەدواداچوونی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و زیندانەکانی سووریا بکرێ بۆ دۆزینەوەی رۆڵەکانیان.
هێرش هاشم عەبدوڵڵا، خەڵکی کۆمەڵگەی شکارتەیە لە سنووری رانیە، لەدایکبووی ساڵی 1987ـە، لە 2004 کاتێک تەمەنی 17 ساڵ بووە، چووەتە قوتابخانە و تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی لەبارەوە نازاندرێت.
لوقمان، برای هێرش هاشم، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "باوکی بە حەسرەتی براکەم سەری نایەوە و کۆچی دواییکرد. 20 ساڵە بەدوای براکەمدا دەگەڕێم، تاوەکو ئێستا 10 دەفتەر دۆلارم لە سۆراخی براکەم خەرجکردووە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە."
کەسوکاری خدر مەحموود رەشۆ پەیوەندییان بە رووداو کردووە و دەڵێن، لەدایکبووی 1957ـە و باوکی 8 منداڵە، لە 1996ـەوە بێسەروشوێنە، کاتێک کاری بازرگانی کردووە و بۆ ئەو مەبەستە چووەتە سووریا و نەگەڕاوەتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە.
شوکر قادر حەمەدەمین، کاتێ لە ئەرکدا بووە لە ریزەکانی سوپای عێراق لە 2014 لە تکریت بێسەروشوێن دەبێت. باوکی 6 منداڵە، لەدایکبووی 1971ـە و خەڵکی ناحیەی گوێڕە لە سنووری پارێزگای نەینەوا.
محەممەد قادر، برای شوکر، لە بەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی: "براکەم 10 ساڵە بێسەروشێنە، دوای مانگێک لە ونبوونی مۆبایلەکەی کرایەوە، ئەو کەسانەی وەڵامی تەلەفۆنیان دەدایەوە داوای کارتی مۆبایلیان دەکرد، زیاتر لە 10 جار مۆبایلەکەی کرایەوە، کارتمان دەنارد دەمانگوت بەڵکو هەواڵێکمان پێبدەن، دەمانپرسی ئێوە کێن؟ وەڵامیان نەدەدایەوە. ژمارەی مۆبایلی براکەمان دایە ئاسایش گوتیان لە عەبانییە لە نزیک بەغداوە وەڵامی تەلەفۆن دەدرێتەوە. چووینە زیندانی عەبانییە گوتیان لێرە نییە."
باوکی تاریق زیاد خەڵەف، پەیوەندی بە رووداو کردووە و چیرۆکی کوڕەکەی بەمشێوەیە گێڕایەوە: کوڕەکەم لەدایکبووی 1999ـیە و خەڵکی شنگالین، لە 2019 لەگەڵ سێ کەسی سنوورەکەمان بەمەبەستی پزیشکی و بینینی دکتۆر چوونە دیمەشق، کوڕەکەم ئازاری سنگی هەبوو بۆ مەبەستی نەشتەرگەری رۆیشت، تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە و تەنیا ئەوەمان پێگەیشت کە حکومەتی سووریا دەستگیری کردووە.
دوای رووخانی حکومەتی ئەسەد، لە سووریا لیستی زیندانییەکمان پێگەیشت و ناوی کوڕەکەمی تێدابوو، داوا دەکەین بەدواداچوون بکرێت.
راوێژکارێکی یاسای نێودەوڵەتی، بە گرنگی دەزانێ دوای تێپەڕبوونی سێ رۆژ یان 72 کاژێر بەسەر بێسەروشوێنبوونی هەرکەسێک، کەسوکارەکەی داوای تۆماربکەن.
د. کرمانج عوسمان، راوێژکارێکی یاسای نێودەوڵەتییە و لە بەرپرسیار دا گوتی: "باشترین چارەسەر لە رووی یاساییەوە ئەوەیە بکرێتە داوا و تۆماربکرێت لەلایەن کەسوکاری ونبووەکە. کەسوکاری ونبووەکان دەبێ داوایەک لە دادگەی لێکۆڵینەوە تۆماربکەن، دواتر لەسەر بڕیاری دادوەر دەست دەکرێ بە گەڕان و لێکۆڵینەوە."
سێ هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک لە 1993ـەوە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن و کەسوکارەکەی 31 ساڵە بەدوایاندا دەگەڕێن.
کەریم حەسەن، کەسوکاری سێ ونبووەکە لە بەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی: "دوای شۆڕش دەڤەرەکەمان [سحێلا] رووبەڕووی راگواستن بووەوە، بەشێکی خەڵکەکە ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان بوون. کەسوکارم پێشمەرگە بوون، لە 1993 ویستیان سەردانی دایک و باوکیان و کەسوکارمان لە رۆژئاوای کوردستان بکەن، لە کاتی گەڕانەوەیان لە گوندی گربالات لە دێرک دەکەونە کەمینێکی پاسەوانی سنووری سووریا، شەش کەس بوون، سێ کەس خۆیان رزگاردەکەن، دوو بریندار و یەک بە ساخی بێسەروشوێن دەبن، هەرسێکیان لە یەک کات و لە یەک شوێن لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە بێسەروشوێن کران."
کەریم حەسەن زانیاری لەبارەی ئەو سێ کەسە ونبووەی ماڵباتەکەی بەمشێوەیە بۆ رووداو ناردووە:
- کەریم ئەحمەد حەسۆ، لەدایکبووی ساڵی 1970ـیە و خەڵکی سحێلایە. ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە.
- سەڵاح عەبدۆ سەعدۆ، خەڵکی سحێلایە و لەدایکبووی ساڵی 1973ـیە، ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە.
- فەرمان محێدین عەبدی، خەڵکی سحێلایە و لەدایکبووی ساڵی 1970ـیە.
ئەو سێ کەسە لە گوندی گربالات لەسەر سنووری باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 1993 بێسەروشوێن بوون.
کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەرکەسێک کەسوکاری لە سووریا یان هەر وڵاتێکی دیکە بێسەروشوێنە، پەیوەندییان پێوەبکەن و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەیان دەکەن.
ئەڤین یاسین، گوتەبێژی کۆمیتەکە بە رووداوی راگەیاند، "هەرکەسێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەسێکی لە سووریا یان هەر وڵاتێکی دیکە بێسەروشوێن بووبێت، دەتوانێت لە رێگەی ژمارەی پەیوەندیی کۆمەڵگە 80022222 پەیوەندیمان پێوەبکات کە هێڵەکە بێبەرامبەرە، بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ