هەسەدە: لە منبج 5 چەکدارمان کوشت و ژمارەیەکیش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممەوە لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج، شەڕ بەردەوامە و بەهۆیەوە پێنج چەکدار کوژراون و سێ ئۆتۆمبێلیشیان تێکشکێنراون.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا لە سنووری منبج و کۆبانێ هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە دەستپێکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25.12.2024، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، پێکدادانی تووند لەنێوان هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج و چەتەکانی تورکیای داگیرکەر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری منبج روویداوە، پێنج چەتە کوژران و سێ ئۆتۆمبێلیان تێکشکێندران، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێک چەک و تەقەمەنی".
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەکات: "هێزەکانمان کە مافی بەرگریی رەوا و وەڵامدانەوەی هێرشەکانیان بەکارهێنا، راستەوخۆ خاڵ و بنکەکانی چەتەکانیان لەو ناوچانە کردە ئامانج".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە بەرەی پردی قەرەقۆزاخ، بە تۆپی قورس دەوروبەری پردەکە و فڕۆکەخانەی سرین کراوەتە ئامانج، بەڵام تەنیا زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە.
هەسەدە ئاماژە بە گیانلەدەستدانی ئاسایشێکی نێوخۆیی دەکات و دەڵێت: "لە ناوچەی زەرکان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیای داگیرکەر، خاڵێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج، کە بووە هۆی شەهیدبوونی یەکێک لە ئەندامەکان و برینداربوونی چوار کەسی دیکە لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ".
لە لایەکی دیکەوە، موسلیم شێخ حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (پارتی ئەلوەحدە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرچەندە لە دوێنێوە شەڕ وەستاوە، بەڵام نزیکەی نیو کاژێرە شەڕ لە بەنداوی تشرین لە سنووری کۆبانێ دەستیپێکردووەتەوە و ناوەناوە گوێمان لە دەنگی تۆپ و تەقە دەبێت، بەڵام شەڕەکە چووەتە ئەوبەری رووباری فورات".
موسلیم شێخ حەسەن ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رووباری فورات پەڕیونەتەوە و حەوت گوندیان لە رۆژئاوای رووبارەکە کۆنترۆڵکردووە.
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا، باسی ژیانی خەڵکی سڤیلی لە سنوورەکە کرد و گوتی: "خەڵکەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و بەشێکیان ئاوارە دەبن."
رۆژی سێشەممە، 24-12-2024، هەسەدە رایگەیاند: "لە ماوەی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانمان بۆ هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، 16 هاوڕێمان شەهید بوون".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەسەدە 15 لەو شەڕڤانانە لە ماوەی 7 تاوەکو 9ی کانوونی یەکەمی 2024 لە ناوچەکانی گوندەواری حەلەب، منبج، پردی قەرەقۆزاخ، بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی دێرەزوور گیانیان لە دەستداوە. یەکێکیشیان رۆژی چواری ئەم مانگە بە نەخۆشی گیانی لەدەستداوە.