هێزێکی هاوپەیمانان لە کۆبانێ جێگیر کرا
رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە شاری کۆبانێ جێگیر کرا. سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "ئەرکی هێزەکە نێوەندگیرییە لەنێوان هەسەدە و ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات."
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و نێوەندگیری لەنێوان هەسەدە و ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، هێزێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە شاری کۆبانێ جێگیر کراوە.
رامی عەبدولڕەحمان گوتی: "هێزەکە باڵەخانەیەکیان بەشێوەی کاتی گرتووە و تێیدا دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی دەگەنە ئەنجامێک کە سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنەکانە."
لە 17ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، کۆبوونەوەیەک لە نێوان فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و کەسایەتییەکانی شاری رەققە و ئەنجوومەنی خۆجێیی کرا. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەختی لە بەردەوامیی مانەوەی لە شاری رەققە و دەوروبەری کردەوە.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا لە سنووری منبج و کۆبانێ هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی نزیک لە هەسەدە زیادکرد.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا کە دوێنێ 24ی کانوونی یەکەمی 2024 بڵاویکردەوە، رایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتووانە بەرپەرچی هێرشێکی بەرفراوانی هێزەکانی نزیک لە تورکیایان لە نزیک پردی قەرەقۆزاخ و چەند گوندێکی رۆژهەڵاتی منبج داوەتەوە.
هەسەدە باس لەوە دەکات، هێزەکانیان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئەو هێزانەیان تێکشکاندووە و دوو چەکداریشیان کوشتوون.
لە راگەیێندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە، تورکیا بە درۆن بۆردوومانی چوارڕیانی ناحیەی سرینی سەر بە کۆبانێی کردووە.
لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین، هەسەدە دەڵێ، ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بەرپەرچی هێرشێکی لە هەردوو گوندەکانی خربە توینی و مەحشیات تەواحین سەر بە شارۆچکەی ئەبو قەلقەل داوەتەوە و نزیکەی 15 چەکداری لێ کوشتوون و بریندار کردوون.
هەسەدە باس لە وردەکاریی شەڕەکەی نزیک بەنداوی تشرین دەکات و دەڵێت: "هێزەکانمان توانیان دەست بەسەر دوو تانک و بڕێک چەک و تەقەمەنیدا بگرن، لەگەڵ تێکشکاندنی سێ ئۆتۆمبێلی سەربازی."
هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانە بەردەوامە.