بۆ مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەی، یەکگرتوو پەیڕەوی نێوخۆی هەموار دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت لەم کۆنگرەیەدا هیچ کەسێک خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی بەربژێر ناکات و هەمووان کۆدەنگن لەبارەی مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەیدا.
 
یەحیا نەوزەر، ئەندامی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاشکراشی دەکات؛ هەموارێک بۆ پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە ئامادەکراوە و بەپێی هەموارە نوێیەکە، رێگە بە ئەمینداری گشتی دەدرێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستەکەی بەربژێر بکاتەوە.
 
بەپێی پەیڕەوی پەسندکراوی کۆنگرەی پێشووی ئەو حیزبە، ئەمینداری گشتی تەنیا بۆ دوو خول دەیتوانی ئەمیندار بێت، لەکاتێکدا سەڵاحەدین بەهائەدین 7 خولە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامییە.
 
بڕیارە رۆژی هەینی (27-12-2024) کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەولێر ببەسترێت.
 
یەحیا نەوزەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە رووداو گوتی، "بە چڕی، کاردەکرێت بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکگرتوو بەسەرکەوتوویی و پەیڕەو رێگریی لە خۆبەربژێرکردنەوەی ئەمینداری یەکگرتوو ناکات."
 
گوتیشی "پەیڕەوی ناوخۆی یەکگرتوو هەموارکراوەتەوە و کۆدەنگی هەیە بۆ بەردەوامبوونی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستی ئەمینداری، بەپێی ئەو هەموارەی ئامادەکراوە؛ ئەگەر دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەوا هیچ رێگرییەک نییە لەوەی ئەمینداری گشتی جارێکی دیکە پۆستەکەی وەربگرێتەوە."
 
"تاوەکو ئێستا لە هیچ یەکێک لە کۆنفرانسەکان و لە ئۆرگانەکانیشدا هیچ کەسێک کەمترین تێبینی لەسەر جارێکی دیکە وەرگرتنەوەی پۆستی ئەمیندار لەلایەن سەڵاحەدین بەهائەدین نەبووە، هیچ کەسێکیش خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەربژێر نەکردووە" نەوزەر وای گوت.

 

رۆژی 21ـی ئەم مانگە، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ماوەی دوو ساڵە داخوازیەک لەلایەن کادر و رێکخستنەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی پێویستبوونی رێوشوێنی لائیحی هەیە سەبارەت بە کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بە ئەرکەکانی حیزب و ئۆرگانەکان بۆ کۆنگرەی نۆیەم" 
 
هەریەکە لە ئەبوبەکر کاروانی، ئەبوبەکر هەڵەدنی، مەولوود باوەموراد، محەممەد رەئووف، عەلی محەممەد و لوقمان جامیعی، ئەو شەش کەسایەتییەی یەکگرتوون کە بڕیاری دورخستنەوەیان درابوو.
 
دواتریش ئەبوبەکر کاروانی و ئەبوبەکر هەڵەدنی روونکردنەوەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە لە بەشێکیدا هاتووە "کێشەی ئیسلامییەکان  ئەوە نییە بایەخ بە کێشەی کوردی نادەن، بەڵکو ئەوەیە؛ نەیانتوانیوە لە قووڵاییدا بەگوێرەی پێویست خۆیان بینابکەنەوە بۆ ئەوەی تمووحی پێشەنگییان هەبێت و رۆڵێکی گەورەتر لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانیدا بگێڕن، توانای لە خۆگرتنی ئەو کادر و سەرکردانەشیان زۆرتر بێت کە پەرۆشیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەرزتریان لە ئاستی کادرێکی ئیسلامیی ئاسایی و فەزا ئیسلامییەتە قلیدییەکە زۆرترە. رەخنەیەکی دیکەشمان لێیان ئەوەیە؛ وا بیردەکەنەوە سەنەوی نەتەوەیی بە ناوی ئەوانەوە نییە و پێویست ناکات هەوڵی ئەوە بدەن رۆژێ لە رۆژان رابەرایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردی بکەن و، وزەو گەنجیێتی پێببەخشنەوە و بۆشایی ئەوانی دیکە لەم رووەوە پڕبکەنەوە."
 
لەبارەی ناڕەزایی ئەو ئەندامانەی یەکگرتوو بەرامبەر دوورخستنەوەیان لە کۆنگرەی 9ـی حیزبەکەیان، یەحیا نەوزەر لە رووداوی ئەمڕۆ گوتی "کۆنفرانسە نێوخۆییەکانی یەکگرتوو لە سلێمانی عوسمان کاروانی، برای ئەبوبەکر کاروانی سەرپەرشتی کردووە و ئەبوبەکر هەڵەدنی چەندین پۆستی لەم حیزبە و لەسەر پشکی ئەم حیزبە وەرگرتووە."
 
گوتیشی "ئەبوبەکر هەڵەدنی تەنیا پۆستی ئەمیندار ماوە بیدەینێ، ئیدی چۆن جێگەی نەبووەتەوە لە یەکگرتوودا وەکو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت؟"