هەسەدە دەڵێت بەرپەرچی دوو هێرشی گرووپە چەکدارەکانیان داوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانیان بۆ سەر گوندەکانی باشووری بەنداوی تشرین تێکشاندووە، لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەکدار کوژراون و بەشێکیان بریندار بوون.
چوارشەممە 25-12-2024 ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، کە سەر به هێزەکانی هەسەدەیە رایگەیاند، جگە لە تێکشاندنی هێرشەکەی سەر گوندەکانی باشووری بەنداوی تشرین، بەرپەرچی هێرشێکی دیکەیان لە شارۆچکەی ئەبو قەلقەل لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج داوەتەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەک چەکداری "سوپای نیشتمانی سووریا" کوژراون و چەندین ئامێری سەربازیی چەکدارەکانیشیان تێکشکاندووە.
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەڵێت، لەگەڵ هێرشی گرووپە چەکدارەکان، درۆن و تۆپخانەکانی تورکیا دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بۆردوومان کردووە.
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی هەتەشە بە ناوی "بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی" لە 25ی 11ی 2024 لە دژی سوپای سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاند، بەڵام ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبج دا گرت، ئێستا دەیانەوێت دەست بەسەر بەنداوی تشریندا بگرن، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.