بەرەی کوردستانی سووریا بانگەوازێک ئاراستەی هەسەدە دەکات و داوا دەکات بەپەلە جێبەجێیان بکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرەی کوردستانی سووریا بانگەوازێک ئاراستەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات و داوا دەکات بەپەلە جێبەجێی بکات. سەرەکیترین داواکارییەکان بریتین لە ئازادکردنی سەرجەم زیندانییانی سیاسی،گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان رۆژئاوای کوردستان جێبهێڵن و سوپایەکی یەکگرتوو پێکبهێندرێت.
بەرەی کوردستانی سووریا، ئەمڕۆ چوارشەممە (25-12-2024) لە راگەیێندراوێکدا بانگەوازێکی ئاراستەی هەسەدە کرد.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە: "لەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەدا کە کوردستانی سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، مەترسی راستەقینە هەیە کە هەڕەشە لە ئاییندە و بوونی گەلەکەمان دەکات، بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و هەوڵەکان بە ئاراستەی بنیادنانی سیستمێکی نوێ".
بەرەی کوردستانیی سووریا بانگەواز بۆ هەسەدە دەکات و داوا دەکات لەبارەی چەند پرسێکی "هەستیار و چارەنووسساز، هەنگاوی کردەیی و جیدی" بنێت کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: دەستبەجێ زیندانەکانی چۆڵ بکرێن لە زیندانیانیی سیاسیی کورد، کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ بهێندرێت و چارەنووسی شوێنبزبووان ئاشکرابکرێت.
دووەم: کۆتاییهێنان بە دۆسیەی رفاندنی منداڵان کە براونەتە ریزی هێزە سەربازییەکان، دوای ئەوەی لە خوێندن دوورخراونەتەوە. پێویستە هەموویان بگەڕێندرێنەوە بۆ کەسوکارەکانیان.
سێیەم: چاوبخشێندرێتەوە بە پرۆگرامی خوێندن و گۆڕانکاری تێدابکرێت بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە مافی منداڵ و دیموکراسی.
چوارەم: دەستبەجێ بڕیار بدرێت بە هەڵوەشاندنەوەی (رێکخراوی جوانێن شۆڕشگێڕ) کە رۆڵێکی نەرێنییان هەبووە، سەرپێچی بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووە، منداڵانیان رفاندوون، کەرەستەیەکی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی دیفاکتۆ بوون بۆ دژایەتیکردنی پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان.
پێنجەم: دەستبەجێ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کوردستانی سووریا بچنە دەرەوە، تاوەکو ئێستا زیان بۆ ئایندەی کوردستانی سووریا دروست دەکەن، بۆ ئەوەش نەبنە پاساو بۆ دەستوەردانی دەرەکی نوێ لە کوردستانی سووریا دا.
شەشەم: پابەندبوون بە فیدراڵییەت وەک باشترین چوارچێوەی سیاسی داواکاری کوردە بۆ بونیاتنانی سووریای نوێ و دەستبەرکردنی مافی گەلەکەمان لە چوارچێوەی قەوارەیەکی یەکگرتووی کوردستانی سووریا دا.
حەوتەم: هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە هێزی نیشتمانیی کوردی سووریا، لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ یەکبگرن بە پلانێکی درێژراو لەچوارچێوەی سوپایەکی یەکگرتووی هێزی کوردی نیشتمانی کوردیی کە ئەرکی پاراستنی کوردستانی سووریا بێت.
بەرەی کوردستانی سووریا پێیوایە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە گرنگترین رێکاری بەپەلەن بۆ ئەوەی لەم قۆناخەدا ناوچەکەیان پارێزراو بێت کە رووبەڕووی مەترسی جەنگ و دەستوەردانی نوێ بووەتەوە، ئەوەش بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل و دوورخستنەوەی دێوەزمەی جەنگی نوێ.
هەروەها داوادەکات شاندێکی سیاسی هاوبەش پێکبهێندرێت کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گەلی کورد بکات سەبارەت پرسە چارەنووسسازەکان و سیستمی سیاسی نوێ لە وڵات دا و گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بکات.
بەرەى کوردستانیى سووریا بەو جۆرە خۆی پێناسە دەکات کە هاوپەیمانێتییەکى سیاسیى دیموکراسییە و ژمارەیەک پارت و رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى لە رۆژئاوای کوردستان لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:
- پارتى دیموکراتى کورد لە سووریا
- رەوتى ئازادیی کوردستانی
- بزوتنەوەى کوردایەتیى سووریا
- بزوتنەوەى ئاشتیى کوردستانی
- ناوەندى رۆشنبیریى رەشید حەمو
- رێکخراوى یاسناى رۆژئاوا بۆ پەرەپێدانى فەلسەفەى زەردەشتى
- ژمارەیەک رێکخراوی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی