لە رۆژهەڵاتی کوردستان باران و بەفربارین بەردەوامە؛ بەنداوەکانی ئیلام بوژاونەتەوە

25-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا لە چەندین ناوچە لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، لۆرستان، کرماشان و ئیلام بەفر و باران باریوە.
 
لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، لە چەندین ناوچەی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و لۆرستان و بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر باریوە، هەروەها لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان باران باریوە.
 
کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە و شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، شنۆ، بازرگان، چاڵدێران، خۆی بەفر باریوە.
 
لە ناوچە شاخاوییەکانی سەردەشت و بە تایبەت لە سنووری کێلێ، بەفرێکی زۆر باریوە و بە گوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی سەردەشت، "زیاتر لە 20 سانتیمەترە."
 
عەبدولـلەتیف شەریعەت پەناهـ، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سەردەشت رایگەیاند، "رێگەی نێوان سنووری کێلێ و شاری سەردەشت 18 کیلومەترە کە لە 5 کیلەمەتری سەرەتای رێگەکە تا دەگاتە گوندی بێورانی سەروو، بەهۆی بارینی بەفر و هەڵکردنی بایەکی بەهێز هاتووچۆ زەحمەت بووە. هەروەها بە هۆی بەفربارینەوە، هاتووچۆ لە ملەی زمزیران زەحمەت بووە، بەڵام هەموو رێگەکانی شار و گوندەکانی سەر بە سەردەشت کراوەن."
 
ئەسغەر کازمی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی شاری خۆی رایگەیاند، لە ناوچەی ئەلەندی خۆی، راماڵینی بەفر لە سەر رێگەی گوندەکانی ناوچەکە بەردەوامە، رێگەی خۆی- چاڵدێران، خۆی- ئەلەند و ملەی قوردک لە بەفر پاککراونەتەوە.
 
کەشناسی پارێزگای ورمێ هەروەها رایگەیاند، ئەم شەپۆلەی بەفربارینە تا ئەمرۆ دووشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2023 بەردەوام دەبێت و لە رۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما 3 بۆ 4 پلە دادەبەزێت.
 
هەروەها لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای ورمێ باران باریوە. بە پێی کەشناسیی ورمێ، لە 48 کاژێر رابردوودا لە سەردەشت زیاتر لە 50 ملیمەتر، لە پیرانشار 32.4 ملیمەتر، لە شنۆ 12.2 ملیمەتر، لە مهاباد 5.3 ملیمەتر، بۆکان 2.3 ملیمەتر، سائین قەڵا 1.5 ملیمەتر، نەغەدە 1.5 ملیمەتر و تیکاب 1 ملیمەتر باران باریوە.
 
بەهۆی بارانبارین و رووچوونی زەوی لە نزیک گوندی گرژاڵ، رێگەی نێوان سەردەشت- میرئاوا بۆ ماوەیەک داخرا، بەڵام دواتر لە لایەن تیمەکانیانەوە رێگەکە کرایەوە.
 
بەپێی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، لە چوار رۆژی رابردوودا زۆرترین رێژەی بارانبارین لە سنووری سەردەشت بووە کە زیاتر لە 115 ملیمەتر بووە.
 
لە پارێزگای سنەش، لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین دەستیپێکردووە و لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکانی دیواندەرە، سەقز، سەوڵاوا و هەورامان بەفر باریوە.
 
سەلاحەدین محەمەدی، جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند، "لە نێوچەکانی سەوڵاو و هەورامان نزیکەی نیو مەتر بەفر باریوە." بە گوتەی سەلاحەدین محەمەدی، بەهۆی بەفربارینەوە هاتووچۆ لە رێگەی سەرەکیی نێوان سەوڵاوا- هەورامان و بە تایبەت لە نزیک ملەی ژاڵانە ئەستەم بووە.
 
هەروەها بەفربارین و هەڵکردنی بایەکی بەهێز، بۆ ماوەیەک رێگەی سەرەکیی نێوان دیواندەرە- سەقز داخرا و دواتر لەلایەن تیمەکانی رێگەوبانی پارێزگای سنەوە کرایەوە.
 
جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای سنە دەشڵێت، 1 هەزار و 388 کیلومەتر لە رێگەکانی ئەو پارێزگایەیان لە بەفر راماڵیوە و بە هۆی بارینی بەفرەوە هیچ ریگەیەک لەو پارێزگایە دانەخراوە. 
 
لە پارێزگای کرماشانیش لە ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان و شارەکانی پاوە، نوودشە، نەوسوود، روانسەر و جوانرۆ بەفر باریوە.
سەید شەهرام کارێزی، سەرپەرەشتی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە 48 کاژێری رابردوودا نزیکەی 200 کیلومەتر لە رێگەکانی ئەو پارێزگایەیان لە بەفر راماڵیوە و هەموو رێگەکان لە سنووری ئەو پارێزگایە کراوەن.
 
کەشناسیی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە، بە پێی پێشبینییەکانیان لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە ئەگەری بارانبارین لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگایە هەیە و بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە.
 
لە پارێزگای لۆرستانیش لە دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران دەستیپێکردووە. رێکخراوی کەشناسیی لۆرستان رایگەیاندووە، لە 48 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران بە 28 ملیمەتر لە شاری سپیدەشت بووە و کەمترینی بە 0.8 ملیمەتر لە شاری ئەلیگودەرز بووە، هەروەها تێکرای بارینی باران لە شارەکانی ئەو پارێزگایە 8 ملیمەتر بووە.
 
بە پێی کەشناسیی لۆرستان، لە خۆرەمئاوا 7 ملیمەتر، بروجێرد 2، کۆیەشت 5، پولدۆختەر 6، دووروود 6، دڵفان 5.2، چێگێنی 9.1 شولئاوا 11.6 و ئەزنا 2.7 ملیمەتر بووە.
 
لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکانی بروجێرد، ئەلیگودەرز و ئەزنا و چەندین ناوچەی دیکەی پارێزگاکە لە دوو رۆژی رابردوودا بەفر باریوە.
 
مورتەزا شێروانی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی لۆرستان دەڵێت، لە ناوچە شاخاوییەکانی شاری ئەلیگودەرز بەفرێکی زۆر باریوە و بە تایبەت لە ملەی گلەبادۆش بارینی بەفر ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروست کردبوو کە بە راماڵینی بەفرەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە، ئەو گرفتە چارەسەر کراوە.
 
لە پارێزگای ئیلامیش لە 48 کاژێری رابردوودا لە چەندین شار و ناوچەی ئەو پارێزگایەدا بارینی باران بەردەوام بووە و زیاترین رێژەی بارینی باران بە 45.6 ملیمەتر لە شاری ئەیوان و کەمترینی لە شاری میهران بووە کە تەنیا 0.5 ملیمەتر باران باریوە.
هەروەها لە ئیلام 17.1 ملیمەتر و لە شارەکانی مەلیکشایی، چەوار و ئەرکەواز 28 ملیمەتر  باران باریوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ئیلام رایگەیاندووە، ئەم ساڵ بارینی باران بووەتە هۆی زیادبوونی ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە، بە شێوەیەک کە بەنداوی ئیلام 75٪ و بەنداوی دێلۆران بە رێژەی 77٪ پر بوونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە