تورکیا چەند ناوچەیەکی قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات

25-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئەمڕۆ چەند ناوچە و شوێنێکیان لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، کەسێک گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2023، چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی تورکیا ناوەندی چاپخانەی سیماڤ، وێستگەی کارەبایی سادکۆب، وێستگەی شەمەندەفەر و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیکیان لە شاری قامشلۆ بۆردوومان کرد.
 
بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی کاژێر 11ی پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیی تورکیا دوو جار وێستگەی شەمەندەفەری شاری قامشلۆی کردە ئامانج و بە هۆیەوە ئاگر لە وێستگەکە کەوتەوە.
 
نزیکەی کاژێر 11:40 خوولەک بە کاتی قامیشلۆ، کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیکی جەزیرە کە دەکەوێتە گەڕەکی مەیسەلونی ئەو شارە بۆردوومان کرد. بە هۆی هێرشەکەوە ئاگرێکی گەورە لە کارگەکە کەوتەوە.
 
هەر لە بەردەوامیی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ ناوەندی چاپخانەی سیماڤ لە رۆژئاوای شارەکە و وێستگەی کارەبای سادکۆبی ئەو شارەیان بۆردوومان کرد.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تائێستا بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کچێکی گەنج بە ناوی بێریڤان زوبێر گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە