مەزڵووم عەبدی: بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا ئاماژەیەکی ترسناکە

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە وەرچەرخانێکی "مەترسیدار" ناودەبات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستوەردان بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی تورکیا و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
 
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان پۆستێکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "هێرشی دوژمنکارانەی تورکیا وەرچەرخانێکی مەترسیدارە، بە ئامانجکردنی ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەبێتە هۆی گەیاندنی زیانی زۆر بە هاووڵاتیان و ئاماژەیە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێی قڕکردن."
 
مەزڵووم عەبدی داوا لە تورکیا دەکات "جەخت لەسەر دۆسیە نێوخۆییەکانی بکاتەوە و لە چوارچێوەی سنوورەکانی چارەسەریان بکات." دەشڵێت، "جەختکردنەوە لەسەر کردنە ئامانجی بێ کۆتایی، ئاستی نیگەرانییەکان و گرژییەکان زیاد دەکات و هەوڵەکانی سەقامگیری کەمدەکاتەوە و مەترسییەکانی دەرەوەی سنووریش زیاد دەکات."
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستوەردان بۆ راگرتنی تورکیا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بکات و دەڵێت: "بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیەکی ترسناکە."
 
لە کۆتایی ئێکسەکەیدا نووسیویەتی: "چاومان لەو رێککەوتننامانەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەمانە بۆ خۆلادان لە تێكچوونی دۆخەکە و روودانی شەڕێکی گەورە."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کاژێر 10:00ی شەوی (23-12-2023) رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی لە باشوور و باکووری کوردستان و سووریا دەستپێکردووە 29 پەناگە، ئەشکەوت و کۆگا و وێستگەی نەوتی بۆردومانی کردوون، کە گوایە شوێنی مانەوەی گەریلا و شەڕڤانان بووە. قامشلۆ، تربەسپی، عامودێ و دێرک لەو شوێنانەی رۆژئاوای کوردستان بوون کە بۆردومانکران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان و سووریا 26 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئێوارەی رۆژی شەممە، 23-12-2023، بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، لەو ناوچەیەی تورکیا بە 'ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ' ناوی دەبات، هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی سوپای تورکیا. لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی شەش سەربازی خۆی و گیانلەدەستدانی 13 گەریلای راگەیاند. 
 
میدیای نزیک لە پەکەکە نیوەڕۆی شەممە، 23-12-2023 بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 22-12-2023 گەریلا لە ناوچەی خواکورک، لە سێ لاوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا. هەر بەگوێرەی میدیای نزیک لە پەکەکە لەو هێرشەدا 36 سەربازی تورکیا کوژراون و 17 چەکیشیان کەوتووەتە دەستی گەریلاکان.