تورکیا گیانلەدەستدانی 26 شەڕڤانی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

25-12-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە 25-12-2023 بڵاویکردووەتەوە، لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان و سووریا 26 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە "باکووری عێراق و رۆژئاوای سووریا، لانیکەم 26 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە. هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا باس لە درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکان دەکات".
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کاژێر 10:00ی شەوی (23-12-2023) رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی لە باشوور و باکووری کوردستان و سووریا دەستپێکردووە 29 پەناگە، ئەشکەوت و کۆگا و وێستگەی نەوتی بۆردومانی کردوون، کە گوایە شوێنی مانەوەی گەریلا و شەڕڤانان بووە. قامشلۆ، تربەسپی، عامودێ و دێرک لەو شوێنانەی رۆژئاوای کوردستان بوون کە بۆردومانکران. 
 
چی روویدابوو؟
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئێوارەی رۆژی شەممە 23-12-2023 بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، لەو ناوچەیەی تورکیا بە 'ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ' ناوی دەبات، هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی سوپای تورکیا. لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی شەش سەربازی خۆی و گیانلەدەستدانی 13 گەریلای راگەیاند. 
 
میدیای نزیک لە پەکەکە نیوەڕۆی شەممە 23-12-2023 بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 22-12-2023 گەریلا لە ناوچەی خواکورک، لە سێ لاوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا. هەر بەگوێرەی میدیای نزیک لە پەکەکە لەو هێرشەدا 36 سەربازی تورکیا کوژراون و 17 چەکیشیان کەوتووەتە دەستی گەریلاکان. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی نزیکەی 840 گەریلا و کوژرانی نزیکەی 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی نزیکەی سێ هەزار سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی نزیکەی 400 گەریلای راگەیاندووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".