گەشتوگوزار: لە 11 مانگدا 7.5 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

25-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا 7 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، کە ئەو ژمارەیەش بەپێی گەشتوگوزار "ژمارەیەکی نوێی پێوانەییە".
 
رۆژی دووشەممە 25-12-2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەو زانیارییەی بە تۆڕی میدیایی رووداو دا.
 
ئەوانەی وەکو گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن؛ بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ئەم ساڵ 25%ـی گەشتیاران خەڵکی دەرەوەی عێراق بوون.
 
ئەوانەی دەستەی گەشتوگوزار بە سەردانیکار ناویان دەبات ئەو هاونیشتمانیانەن، لە شارێکەوە دەچنە شارێکی دیکە و سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و چەند کاژێرێک دەمێننەوە، بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، سەردانیکاران "بەشێکی زۆر کەم"ـی تۆمارکراوەکانی ئامارەکەی ئەم ساڵن.
 
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات لە هەر چوار وەرزەکەدا گەشتیار بهێننە هەرێمی کوردستان. ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانی رابردوو تەنیا لە هاوین و بۆنەکاندا گەشتیاران سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
 
شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 708 شوێن وەکو شوێنی گەشتیاری یان کارکردن لە بواری گەشتیاری تۆمارکراون کە بەمشێوەیەی خوارەوەن:
 
- 714 کافتریا
- 10 شاری یاری
- 589 رێستۆرانت
- 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری
- 54 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 460 هۆتێل
- 282 مۆتێل
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەکە، لە 11 مانگی ساڵی 2021دا، چوار ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردسانیان کردبوو؛ ئامارەکە لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن گەشتیار.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێر و ناوچە گەشتیارییەکانی دەکەن؛ دواتر سلێمانی و پاشان دهۆک و هەڵەبجە دێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە