خانووەکانی کۆنترین گەڕەکی دهۆک مەترسی رووخانیان لەسەرە و داوا دەکرێت نۆژەن بکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گەڕەکی کریستیانەکان، کۆنترین گەڕەکەکانی پارێزگای دهۆکن، بەهۆی کۆنی خانوو و باڵەخانەکانیانەوە، بۆ ژیان شیاونین.
ئەو گەڕەکە کۆنەی دهۆک، شوێنی منداڵیی جەمبەلییە و لە ساڵی 1961ـەوە لەو گەڕەکە ژیاوە و باسی چیرۆکی خۆی لە گەڕەکەکە دەکات.
جەمبەلی، هاووڵاتییەکی کریستیانی پارێزگای دهۆکە و دەڵێت، "ژیانی منداڵی خۆم لەو گەڕەکە بەسەربردووە، پێم خۆشە حکومەت ئەم گەڕەکە بکاتە شتێکی شوێنەواری، بەشێوەیەک دهۆکی لەسەر پێشبکەوێت."
زۆرینەی خانووەکانی ئەو گەڕەکە چۆڵبوون، چونکە بەهۆی خراپی خانووەکانەوە بۆ ژیان شیاونین، تەنانەت بەشێکیان لافیتەیان لەسەر دانراوە و ئاگاداریی هاووڵاتییان دەکاتەوە کە مەترسی داڕووخانی لەسەرە.
هەیسەم پترس، باوکی و چوار پشتی ماڵباتەکەی لەو گەڕەکە ژیاون، بووەتە شوێنی بیروەرییە خۆشەکانیان، چیرۆکی خۆیان لەو گەڕەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "وەکو دهۆکیەکی کۆن، کوڕی ئەم گەڕەکە، حەزدەکەم ئەم گەڕەکە ببێتە شوێنەوار و نۆژەن بکرێتەوە، چونکە هەندێکیان کەوتوون، بەهۆی بارانیشەوە هەندێکی دیکەش مەترسی رووخانیان لەسەرە، پێویستە چاکبکرێن."