لە فڕۆکەخانەی هەولێر هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

 
رووداو دیجیتاڵ 

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ زیانەکانی هێرشەکە بکات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، کاژێر 16:03ـی ئەمڕۆ "لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە هەولێر، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تەنیا زیانی مادیی هەبووە و درۆنەکە لە نێو بنکەی هاوپەیمانان کەوتووەتە خوارەوە. 
 
دژەتیرۆری کوردستان، هیچ ئاماژەیەکی بۆ زیانەکان و ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێوە هاتووە و وردەکاریی دیکە نەکردووە، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆگرت.
 
گرووپەکە لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بە ناڕوونی ئاماژە بە شوێنی بەئامانجگیراو دەکات و دەڵێت: "وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو کوشتوبڕەی قەوارەی زایۆنی بەرامبەر بە کەسوکارمان لە غەززە دەیکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی هەریریان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە چەند درۆنێک کردووەتە ئامانج و بەردەوام دەبین لە کردنە ئامانجییان." لەکاتێکدا بنکەی سەربازیی هەریر نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دوورە. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکانی گرووپەکە، لە دوای 18ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 100 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
 
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانیان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق، ئەم هێرشانە رانەگرن، ئەوان بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندەکانیان بەبێ دوودڵی وەڵامیان بۆ ئەو هێرشانە دەبێت. ئەو دەشڵێت، دوایین هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان بووە لە بەغدا.
 
بەگوێرەی پێنتاگۆن لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2023ـوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، 102 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و بەهۆی ئەو هێرشانەوە، 66 سەربازیان بریندار بوون، بەڵام سەرجەمیان برینەکانیان سووک بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە سەر ئەرکە سەربازییەکانی خۆیان.