تۆماری شارستانیی ورمێ: لە رۆژێکدا 144 منداڵ لەدایک دەبن و 45 کەسیش دەمرن

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگەی تۆماری شارستانیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری لەدایکبوون و مردنی پارێزگاکەی بڵاوکردەوە و بە پێی ئامارەکە، لە 9 مانگی رابردوودا لەو پارێزگایە زیاتر لە 38 هەزار منداڵ لە دایکبوون و زیاتر لە 12 هەزار کەسیش مردوون.
 
ئەمرۆ یەکشەممە، 24-12-2023، سەعید ئەحمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تۆماری شارستانیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 9 مانگی ئەم ساڵدا 38 هەزار و 322 منداڵ لە سنووری ئەو پارێزگایە لەدایکبوون و بەپێی ئامارەکە، لە هەر کاژێرێکدا 6 منداڵ لەدایک بوونە.
 
سەعید ئەحمەدی گوتی، رێژەی لەدایکبوونی منداڵانی کوڕ زیاتر بووە و لە بەرامبەر هەر 100 منداڵی کچ، 110 کوڕ لەدایکبوون.
 
سەبارەت بە ژمارەی منداڵی کچ و کور، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆی گشتیی ئەو منداڵانەی لەو پارێزگایەدا لەدایکبوون، 20 هەزار و 114 کەسیان کوڕ و 18 هەزار و 208 کەسیان کچن.
 
بە گوتەی سەعید ئەحمەدی، لەو ژمارەیەش 713یان دووانە و 42یان سییانەن، هەروەها لە دوو حاڵەتدا چوار منداڵ بە سکێک لەدایکبوون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تۆماری شارستانیی پارێزگای ورمێ هەروەها دەڵێت، لەدایکبوونی 23 هەزار و 335 منداڵ واتە نزیکەی 60٪ لەدایکبوونەکان لە شارەکان و 14 هەزار و 987 منداڵیش کە دەکاتە نزیکەی 40٪ لەدایکبوونەکان لە گوندەکانی ئەو پارێزگایە بووە.
 
سەبارەت بە ئاماری ئەو کەسانەی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا لە پارێزگای ورمێ مردوون، سەعید ئەحمەدی رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 12 هەزار و 340 کەس لەو پارێزگایە مردوون کە لە رۆژێکدا 45 مردن تۆمارکراوە.
 
روونیشیکردەوە کە لەو ژمارەیە 6 هەزار و 853 کەس واتە 56٪ پیاو بوون و 5 هەزار و 405 کەس واتە 44٪ ژن بوون.
 
بەپێی ئامارەکە، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای ورمێ لە 9 مانگی رابردوودا نزیکەی 26 هەزار کەس زیادی کردووە.
 
ئەو بەرپرسە ئاماری پێکهێنانی هاوژینی و جیابوونەوەی هاوژینەکان لە پارێزگای ورمێ بڵاو کردەوە و رایگەیاند، لەو 9 مانگەدا 16 هەزار و 932 دۆخی پێکهێنانی هاوژینی تۆمار کراوە، لە بەرامبەریشدا 4 هەزار و 723 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینەکان روویداوە کە 70٪ لە شارەکان و 30٪ لە گوندەکان بووە.
 
 
بەگوتەی ئەحمەدی، بەپێی ئامارەکانی ئەم ساڵ لە هەر رۆژێکدا 144 منداڵ لە پارێزگای ورمێ لە دایکبوون.
بەپێی ئاماری فەرمی فەرمانگەی تۆماری شارستانیی ئێران، ساڵی رابردوو لە پارێزگای ورمێی رۆژ‌هەڵاتی کوردستان 51 هەزار و 520 منداڵ لە دایکبوون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 2.4٪ کەمی کردبوو.