کریستیانەکانی حەمدانییە بە رازاندنەوەی کەنیسە و ماڵەکانیان پێشوازی لە جەژنی کریسمس دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە کریستیانەکانی نەینەوا بۆ ماوەی یەک مانگ ئامادەکاری بۆ جەژنی کریسمس و یادی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا دەکەن. جون حەنا، دانیشتووی حەمدانییەیە لە دەشتی نەینەوا و زۆربەی شەقام و کەنیسەکان ئەو رازاندوویەتییەوە، دەڵێت، "ئەم بۆنەیە بۆ ئێمە گرنگی خۆی هەیە." 
 
جون حەنا، دانیشتووی حەمدانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گرنگیی سەری ساڵ لە حەمدانییە بە واتای مانەوە و بوونمان لە ناوچەکە و ئەمەش گرنگە و بەدڵنیاییەوە دڵخۆشییەکی جوان هەیە و پیرۆزبێت لە هەموو کریستیانەکان. رازاندنەوەی کەنیسە و دووکان و شەقامەکان شوێنێکی تایبەتی لەلای ئێمە هەیە."
 
لە حەمدانییە وێڕای ئامادەکاریی کریستیانەکان بۆ یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، کریستیانەکانی ناوچەکە دەڵێن، خەمی گەورەیان ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و بەردەوامبوونی کۆچی گەنجەکانیانە.
 
زینە مەتین، خاوەن ئارایشتگا باس لەوە دەکات، "کۆچکردن تاوەکو ئێستا هەیە و خێزانەکان دەناڵێنن لە کۆچی رۆڵەکانیان. ئەمەش تەنیا دۆخی ئەمنی هۆکار نییە، بەڵکو ئاستی ژیان ئەو ئاستە نییە کە خوازیاری بن، بۆیە گەنجەکان روو لە کۆچکردن دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدەوارین هەموو خێزانێک بە کەسوکارەکانیان شادببنەوە."
 
کەنیسەی تاهیرەی گەورە لە حەمدانییە، شوێنێکی پیرۆزی کریستیانەکانە و پاپای فاتیکان نوێژی لێکردووە، بەشێکی زۆری کریستیانەکانی سنوورەکە ئەمساڵ لەو کەنیسەیە رێوڕەسمە ئایینییەکانی جەژنی کریسمسیان کرد.
 
ئەمیرە ئیلیاس، دانیشتووی حەمدانییە دەڵێت، "پیرۆزبایی خۆم پشکێش دەکەم بەم بۆنە جوانەوە کە لەدایکبوونی مەسیحە. هیوادارین ببێتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەی عێراق و هەموو جیهان و ئومێدەوارم خۆشەویستی و ئاشتی لە هەموو شوێنێک بڵاوبێتەوە." 
 
کریستیانەکان جگە لە پەیامی پیرۆزبایی، پەیامیان بۆ سیاسییەکانیش هەیە. باسم حەبیب، سەرپەرشتیاری کەنیسەی تاهیری گەورە لە حەمدانییە باس لەوە دەکات، "ئەمە بانگەوازێکی روونە بۆ هەموو دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوا سیاسییە عێراقییەکان، بەتایبەتی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەڕێز، داواتان لێدەکەین بۆ یەکبوون، خۆشەویستی، لێبووردەیی و هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ".
 
دوای پێنج ساڵ لە دەرهێنانی حەمدانییە لە دەستی داعش، لە هەشت کەنیسەی شارۆچکەکە بە سەدان کەس بەشدارییان لە ئامادەکاری و یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و کریسمس کرد.