رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، حیزبەکەیان هەمیشە لەگەڵ پارتی ئامادەی دانیشتن و گفتوگۆ بووە و دەڵێت، "دوای ساڵی نوێ دەرگەی لێکتێگەیشتن و دیالۆگ واڵاتر دەکەین."
سالار لالەسەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 30 ساڵی رابردوودا لەگەڵ پارتیدا پێکەوە حکومڕانییان کردووە و "ئەم وڵاتەمان بە باش و خراپەوە گەیاندووەتەوە ئەم قۆناخەی ئێستا، هەر بۆیە گرفتەکانی ئێستاشمان ناگاتە ئەو ئاستەی دەرگەی دیالۆگ لەیەکدی دابخەین. وەکو یەکێتی هەمیشە دەرگەمان کراوە بووە و دەبێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، "سیاسەتی نەگۆڕ و هەمیشەیی یەکێتی قوربانیدان بووە لەپێناوی بەرژەوەندیی خەڵک، باوەڕیشمان وایە لەپێناوی خەڵک و داواکارییەکانیان بە سازشیش بێت، ئامادەین سازش بکەین، بەڵام نابێت کێشەکان لەوە زیاتر کەڵەکە بکرێن و خەڵکیش لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات."
گرفتەکانی ئێستای پارتی و یەکێتی کە لە مانگی رابردوودا گەیشتە قۆناخی دابڕان و لێدوانی تووندی دژبەیەک، بەشێکی پەیوەندی بە ئەدای حکومەت لە بواری ئەمنی، سیاسەتی دارایی و پرۆسەی ئیدارەدانی نەوت و گازی سرووشتییەوە هەیە.
هەر بەهۆی ئەو کێشانەوە، نزیکەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە وەزیرانی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ