لە شێخان دژی خراپیی رێگەوبان خۆپێشاندان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

خەڵکی گوندی شێخکا لە سنووری قەزای شێخان خۆپێشاندانێکیان دژی خراپیی رێگەوبان ئەنجامدا و بۆ ماوەیەک رێگەی سەرەکیی ئەلقوش - شێخانیان داخست، ئەوەش دوای ئەوەی کە هەینی رابردوو پێنج ئەندامی یەک خێزان بە رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگەکە گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ شەممە 25-12-2021 وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر خراپیی رێگەی سەرەکیی گوندەکەیان، بەشێک لە هاونیشتمانییانی گوندی شێخکا لە سنووری قەزای شێخان بۆ ماوەیەک رێگەی سەرەکیی ئەلقوش - شێخانیان داخست، دەڵێن، چەندین هاونیشتمانی بەهۆی خراپیی رێگەکەوە گیانیان لەدەستداوە، داوا دەکەن رێگەکە بە دووساید بکرێت.
 
هاونیشتمانییان دەڵێن، رێگەکە یەکسایدە و گونجاو نییە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بچووک بەیەکەوە بەسەریدا هاتووچۆ بکەن، رۆژانە خەڵکی سنوورەکە بەهۆی خراپیی رێگەکەوە دەبنە قوربانی، بە قسەی هاونیشتمانییانی خۆپێشاندەری خەڵکی گوندەکە، چەند جارێک بەرپرسان بەڵێنیان پێداون بۆ بە دووسایدکردنی رێگەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڵێنەکەیان جێبەجێنەکردووە، هاونیشتمانییەک دەڵێت، "تەنها لەکاتی هەڵبژاردنەکان ئێمە کوردین دواتر کەس ئاوڕمان لێناداتەوە." 
 
رێگەی ئەلقووش - شێخان، رێگەیەکی سەرەکییە و رۆژانە بە دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەسەریدا هاتووچۆ دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکسایدە، رێگەکە رێگەیەکی نێودەوڵەتییە و وڵاتی تورکیا بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقووش لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی کاژێر 13:00 کە دڵدار هەرکی پێشکێشی دەکرد رایگەیاند، بە فەرمی ناحیەکەیان سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام رێگەکە پارێزگای موسڵ بە دهۆک و تورکیا بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە، بۆیە دەکرێت بە هەماهەنگی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان گرفتی رێگەکە چارەسەر بکرێت.
 
لارە زارە، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقووش گوتی، "بەداخەوە بەهۆی خراپیی رێگەکەوە رۆژانە ئازیزانمان دەبنە قوربانی، دوای رووداوەکەی دوێنێ هەینی پەیوەندیم کردووە بە پارێزگاری موسڵەوە، ئەویش بەڵێنی داوە کە لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار قسە بکات و هەوڵدەدەن بەزووترین کات چارەسەرێکی گونجاو بۆ رێگەکە بدۆزنەوە."
 
لارە زارە، گوتیشی، "چەند دەرخستەیەک بۆ بە دووسایدکردنی رێگەکە ئامادە کراوە، دەرخستەیەک کە بەلای ئێمەوە پەسندە و گرفتی رێگەکە چارەسەر دەکات پێویستی بە نزیکەی 40 ملیار دینارە، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانی هاتووچۆ بێگومان یەکسایدی رێگەکەیە، بەڵێن بە خەڵکی ئەو گوندە و گوندەکانی دیکەش دەدەین کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی گرفی رێگەکە."
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 92 رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگەکە روویانداوە و بەهۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە، 40کەسیش برینداربوون، بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش هەفتانە لانی کەم دوو رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگەکە روودەدەن.
 
ئێوارەی دوێنێ هەینی، 24-12-2021 لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی ئەلقوش - شێخان، پێنج ئەندامی یەک بنەماڵە گیانیان لەدەستدا و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. ئەو خێزانە کوردی ئێزدین، لە زەماوەندێک گەڕاونەتەوە و 8 کەس لە یەک ئۆتۆمبێلدا بوون کە لە جۆری ئۆپڵ ئۆمیگا بووە. رووداوەکەش لەگەڵ بارهەڵگرێکدا روویداوە.