رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی کوردی خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستان، پارتێکی سیاسیی نوێی بەناوی نەورۆز دامەزراند.
حەسەن سانجار، رۆژنامەڤانێکی کوردە، پارتێکی سیاسیی نوێ بەناوی (نەورۆز) دامەزراند و دەشڵێت، دوو مانگە بە فەرمی مۆڵەتی پارتی سیاسیی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێدراوە، "مۆڵەتی پیتی (W)یشی بۆ ناوی Newroz وەرگرتووە." ئەمە لە کاتێکدایە لە زمانی تورکی پیتی W نییە.
لۆگۆی پارتەکە، لە ئاگری نەورۆز پێکهاتووە و لە دیزاینەکەیدا چیا، ئاگر، گوڵ هەیە و بە هەردوو رەنگی زەرد و سوور نەخشێندراوە.
سەرۆکی پارتەکە دەشڵێت، دروشمی پارتی نەورۆز "دەنگی سەرلەنوێ هەڵهاتن و یەکبوون"ـە و ئاماژەیە بۆ هاتنی بەهار و هەڵسانەوەی ژینگە و جەژنی نەورۆزە.
بە گوتەی حەسەن سانجار، پارتەکەی لەسەر بنەمای یەکگرتوویی کۆمەڵگە، ژینگەپارێزی و گەشەپێدانی بەردەوام سیاسەت دەکات و بەم فەلسەفەیە دەچێتە نێو گۆڕەپانی سیاسی.
حەسەن سانجار باس لەوە دەکات لەم قۆناخەدا قەبارەی پارتەکەیان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکات، بەڵام لە 37 ناوچەدا لقی رێکخستنەکانیان دامەزراندووە و دڵنیاشە لە قۆناخەکانی داهاتوودا بەپێی ستانداردی پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەتوانێت پێگەی جەماوەری زیاد بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بگاتە ئەو ئاستەی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات.
حەسەن سانجار باس لە هۆکار و ئامانجی دامەزراندنی پارتەکەی دەکات و و دەڵێت، "پارتی نەورۆزی تورکیا، لە کوێ ستەملێکراو هەبێت بۆ پشتیوانیکردنی لەوێ دەبێت. نەورۆز تەنیا موڵکی کورد یان تورک نییە، ئەمە جەژنێکی زۆر کۆنی ئەم جیهانەیە. بەم تێگەیشتنە هەنگاو دەنێین و دژی ستەمکار دەوەستینەوە. بەهۆی ئەوەی پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە وەڵامی خواست و داواکاریی و تێڕوانینەکانمانیان نەداوە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم پارتە دابمەزرێنین".
لە تورکیا 162 پارت و بزووتنەوەی سیاسیی کارا هەیە.
حەسەن سانجار کێیە؟
ساڵی 1982 لە شارۆچکەی فارقین لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. مامۆستای زمانی کوردی، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنییە. ساڵی 2000 رۆژنامەی "زەمبیل فرۆش" بە زمانی کوردی دەرکرد.
سەرباری کارەکەی، سانجار لە چەندین رۆژنامە، گۆڤار، رادیۆ و تەلەڤزیۆنی لۆکاڵی کوردی کاری کردووە. لە ساڵی 2015 کتێبێکی بەناوی Perspektif نووسی و لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کرد. کتێبەکە باس لە مێژووی گەلی کورد دەکات. سانجار یەکێکە لە رۆژنامەڤانە ناسراوەکانی باکووری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ