لە نەوسوود ژنێکی کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

25-11-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، ژنێکی کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی تشرینی دووەمی2024، نەشمیل عەبدی، ئەندامی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، بە رووداوی راگەیاند، "ژنێکی کۆڵبەر بە ناوی پرشنگ قوباد زاهیری، تەمەن 26 ساڵ، کە دایکی منداڵێکە و خەڵکی ناوچەی نەوسوودی پاوەیە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە".
 
پرشنگ قوباد زاهیری، خەڵکی گوندی هانەگەرمەڵەیە لە سنووری نەسوودی سەر بە پاوە. عەبدی گوتی، "رۆژی هەینی، 22ی تشرینی دووەمی 2024، پرشنگ بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان گیانی لەدەستداوە".
 
نەشمیل عەبدی، ئاماژەی بەوەشکرد، "باوک و برایەکی پرشنگ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون".
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی هەنگاو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا 355 کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون کە 54 کەسیان گیانیان لە دەستداوە، یەک لەوانە نەوجەوانێکی خوار 18 ساڵان بووە و 281 کەسیش بریندارن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە