سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: بەم نزیکانە شاندێکمان بۆ مووچەی مانگی 10 دەچێتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بەم نزیکانە شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ پرسی مووچەی مانگی 10 سەردانی بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر پرسی دواکەوتنی مووچەی مانگی 10، شاندێک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دەپرسێت بۆچی مووچە نانێرن؟".
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "هیچ کێشە و هەڵەیەک لە لیستی مووچەی مانگی 10دا نییە، بەغدا تەنیا بیانوو دەگرێت".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی 11 بۆ بەغدا دەنێردرێت".
سەبارەت بە ناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا ئەو سەرچاوەیە گوتی، "تاوەکو ئێستا بۆ بەغدا نەنێردراوە و کارەکانی تەواو نەبووە".
رۆژی 03-11-2024 لیستی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی داراییەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، تاوەکو وردبینی تێدا بکرێت.
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 988 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.