رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140، ماوەى 10 رۆژ مۆڵەت دەداتە 369 خێزانى عەرەبی هاوردەى کەرکووک بۆ ئەوەى مامەڵەکانیان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدى پێشوویان تەواو بکەن ئەگەرنا "قەرەبوو نایانگرێتەوە".
کاکەڕەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە 24ى تشرینى دووەمی 2024ـەوە، 10 رۆژ مۆڵەت لە بەردەم ئەو خێزانانەیە بۆ ئەوەى سەردانى نووسینگەى کەرکووکى لیژنەکەیان بکەن و مامەڵەکانیان بۆ قەرەبووکرنەوە تەواو بکەن کە کەموکورتى تێدایە".
بەگوێرەى مادەى 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن، لیژنەکە ناوى ئەو 396 خێزانەى بڵاوکردووەتەوە.
کاکەڕەش سدیق گوتى: "ئەو خێزانە عەرەبە هاوردانە ئێستا لە کەرکووک دەژین، ئەگەر لەو ماوەیەدا کە بۆیان دیاریکراوە مامەڵەکانیان تەواونەکرد، قەرەبوو نایانگرێتەوە".
لە یاسای بودجەى گشتى عێراق، 100 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەى ئاوارە و عەرەبە هاوردەکانى مادەى 140 تەرخانکراوە.
نزیکەى 5,000 عەرەبى هاوردە ماون چەکى قەرەبووکردنەوەى گەڕانەوە وەربگرن، مەرجى وەرگرتنى ئەو قەرەبووە ئەوەیە بەڵێننامەیەک لە دادنووس پڕ بکەنەوە کە لە ماوەى 40 رۆژدا لەدواى وەرگرتنى چەکە بانکییەکە پاڵپشتى شوێنى نیشتەجێبوون و بەڵگەنامەى کارتى نیشتیمانى ئەو پارێزگایە بهێنن، کە بۆى گەڕاونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ