قایمقامی خەلیفان: هاوینی داهاتوو کێشەی ئاومان نامێنێ

رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی قەزای خەلیفان رایگەیاند، 15 پرۆژە لە سێکتەری ئاو بە بەهای نزیکەی پێنج ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندان و تاوەکو هاوینی داهاتوو گرفتی ئاوی خواردنەوە لە قەزای خەلیفان و گوندەکانی نامێنێت.
 
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای خەلیفان کرد و گوتی، لەدوای هێنانە کایەی قەزای خەلیفان، گرنگییەکی زیاتر بە قەزاکە دراوە، لە ماوەی ئەم ساڵ و ساڵانی رابردوو چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەیاندا جێبەجێکراون.
 
قایمقامی خەلیفان دەڵێت، لەناو قەزاکەدا رێگە نێوخۆییەکانی گەڕەکی خەلیفانی نوێ و رێگەی قوتابخانەی جۆلەمێرگی خواروو لەگەڵ چاککردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گوندی ئالانە و کەڵەکین بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندان. هەروەها چاککردنەوەی شەقامە ناوخۆییەکان بە گوژمەی نزیکەی 400 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە. پرۆژەی رێگەسازی گەڕەکەکانی شەهیدان، عەلیاوا و زارگەلی لەنێو قەزای خەلیفان و رێگەی گوندەکانی دەربەندۆک، لێرەمیر، گۆڕەز، ساوا، بەورکان و کونەسیخوڕ تەواوکراون.
 
سەبارەت بە پرۆژەکانی ئاو، قایمقامی قەزاکە دەڵێت: "لە سێکتەری ئاو، بەگوژمەی نزیکەی 5 ملیار دینار 15 پرۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ خەلیفان و گوندەکانی جێبەجێ دەکرێن. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانە گرفتی ئاو لە قەزای خەلیفان و گوندەکانی نامێنێت".
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئاداری 2024، بڕیاری دا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. قایمقامی خەلیفان دەڵێت، "زەوی پێویست بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران تەرخانکراوە و رێکاری کارگێڕیی پێویستیش نراوە، ئێستا لە قۆناخی نەخشەسازی و کوژاندنەوەیدان".
 
چەند هاونیشتمانییەکی گوندی هەروێ لە سنووری قەزای خەلیفان پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، دیواری قوتابخانەی گوندەکەیان رووخاوە و داوای چارەسەر دەکەن. مەغدید عەریف ئەحمەد لەو بارەیەوە گوتی: "بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران دەرخستەی بۆ کردووە و لەهەوڵدان بە زوویی چارەسەر بکرێت".