سبەی لە دهۆک و هەولێر پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتووەتە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان و بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.
 
دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024، نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ 43 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک وەکو گوژمەی هەشتەم گەیشت و ئەمڕۆ رادەستی بانکەکانی شێخان، دهۆک و زاخۆ کرا، بۆ ئەوەی بەسەر جووتیارانی دابەش بکەن.
 
نازم محەممەد گوتی: "لەو 43 ملیارە؛ 14 ملیاری سایلۆی فایدییە بۆ بانکی گارە؛ 22 ملیار بۆ بانکی شێخان و 7 ملیاریش بۆ بانکی خاپیر لە زاخۆ نێردراوە. ئەمڕۆ لە سایلۆی فایدییە پارەکە دابەش دەکرێت و بانکەکانی شێخان و خاپیر سبەی دەست بە دابەشکردن دەکەن".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک، بەم گوژمەیەوە؛ لەکۆی 152 ملیار دینار تائێستا 118 ملیار دینار نێردراوە و چاوەڕێی ناردنی پارەکەی دیکە دەکەن.
 
هاوکات، میران محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە رووداوی گوت، "بڕی 55 ملیار و 454 ملیۆن دینار گەیشتووەتە دەستمان و سبەینێ لە سایلۆی هەولێر و قوشتەپە چەکەکان بەسەر جووتیاران دابەش دەکەین، کە جووتیاران دەتوانن لە بانکی بەحرکە پارەکانیان وەربگرن".
 
میران محەممەد گوتیشی، "ریزبەندیی وەرگرتنی پارەکەش بۆ جووتیاران بەوجۆرەیە کە ئەو جووتیارانەی زووتر گەنمیان رادەست کردووە، ئەوانە زووتر پارەکە وەردەگرن".
 
هەروەها نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی یەکشەممە چەکێکمان بە بڕی 60 ملیار دینار لە لایەن کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراقییەوە بەدەستگەیشتووە، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە بەسەر جووتیاراندا دابەشی بکەین و چاوەڕێی وەڵامی کۆمپانیاکە دەکەین بۆ دابەشکردنی".
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.