هەولێر دیجیتاڵ
سۆپا لە ماڵێکی قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کڵپە دەکات و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئاکرێ دەڵێت، کچێک بەهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 25-11-2024) نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ شەو کاژێر 11:00 لە ماڵێکی قەزای ئاکرێ کچێک نەوت دەکاتە نێو سۆپاکەیانەوە، بەڵام سۆپاکەی نەکوژاندووەتەوە و بەو هۆیەوە تەقیوە."
گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ گوتی، "ئەو کچە، دەبوو سۆپاکە بکوژێنێتەوە و ئینجا نەوتی تێبکات، بەڵام بە داگیرساوی نەوتی تێکردووە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سۆپاکە بتەقێت، لە ئەنجامدا خۆی و باوکی بریندار بوون."
نێچیرڤان هەرکی ئاماژەی بەوەدا "کچەکە ناوی (پ.ش.) ـەو تەمەنی 17 ساڵ بوو؛ ماڵی لە گەڕەکی 11 ئەیلوولە."
گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ گوتیشی "دوای رووداوەکە، ئەو کچەیان هێنایە بەشی فریاکەوتن، کە زیاتر لە 90٪ـی جەستەی سووتابوو و باوکیشی دەستی سووتاوە."
نێچیرڤان هەرکی گوتی "کچەکە بەهۆی زۆری سووتاوییەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کرا و لەوێ گیانی لەدەستدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ