کەشناسی: بەفر و باران دەبارێت و پلەی گەرما دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی نمەباران لە زۆرینەی شارەکان و بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت، بەو هۆیەشەوە پلەی گەرما بەشێوەیەکی "بەرچاو" دادەبەزێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 25-11-2024) لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت و "لە ناوچە شاخاوییەکان نمەباران بە تێکەڵە لەگەڵ بەفر دا دەبارێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 6 بۆ 7 پلەی سیلیزی دادەبەزێت؛ لە ناوچە شاخاوییەکان دابەزینی پلەی گەرما دەگاتە 10 پلە بەراورد بە دوێنێ.
لە بارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "نمەباران دەبارێت. لە ناوچە شاخاوییەکان پێشبینی بڕێکی باش بارینی بەفر دەکرێت، بە نزیکەی 10 سانتیمەتر، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان."
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو، پلەی گەرما نزیکەی 10 پلە دادەبەزێت، بەڵام بارانبارین و بەفری ناوچە شاخاوییەکان زووتر کۆتایی دێت."
ئەو کەشناسە گوتی، "نمەباران لە ناوچە جیاکان و بەفربارینی ناوچە شاخاوییەکان تاوەکو 27ـی مانگ بەردەوام دەبێت، رۆژی پێنجشەممە 28ـی ئەم مانگە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە".
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک باریوە کە 19 ملیمەتر بووە.
بارانبارین لە شارەکانی دیکە بەمشێوەیە بووە: هەولێر 0,8 ملیمەتر، سۆران 5.5 ملیمەتر، حاجی ئۆمەران 12.2 ملیمەتر، بارزان 14.6 ملیمەتر، سیدەکان 12 ملیمەتر، سلێمانی 5.5 ملیمەتر، دووکان 4.4 ملیمەتر، قەڵادزێ 10 ملیمەتر، چوارتا 10.5 ملیمەتر، دهۆک 1.9 ملیمەتر، زاخۆ 1.3 ملیمەتر، ئاکرێ 4.2 ملیمەتر، بامەڕنی 13 ملیمەتر، چەمانکێ 18.5 ملیمەتر، هەڵەبجە 1.5 ملیمەتر، کەلار 1.3 ملیمەتر.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش كردوووە، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی یەک بۆ سێ پلەی دیکە، پلەی گەرما دادەبەزێت و بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 13 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 11 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ 10 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 6 پلەی سیلیزی
سۆران؛ پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 16 پلەی سیلیزی