ئەنجامی سەرژمێری؛ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6.3 ملیۆن کەسە و زۆربەیان گەنجن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاماری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی، گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس و 14%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.
بەگوێرەی ئامارەکە کە ئەنجامی سەرژمێریی گشتییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان لە رەگەزی نێرن. هەروەها زۆرینەی دانیشتووان شارنشینن و تەمەنیان بۆ کارکردن گونجاوە.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ (دووشەممە، 25-11-2024) رایگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێریی گشتی، "دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە خەڵکی خۆجێی و بیانییەوە؛ 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە."
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژمارەیەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دانیشتووانی ناوچە هاوبەشەکانی تێدا نییە، وەکو ناوەندی قەزای شێخان، ناحیەی زێلکان لە شێخان، ناحیەی فەهیدیێ لە دهۆک، هەروەها ناحیەکانی دیبەگە، مەلاقەرە و گوێڕ لە مەخموور، ناحیەکانی کۆکس و نەوجول و گوندەکانی دەوروبەری چەمچەماڵ، کە لەسەر کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین هەژمار کراون.
لەو ئامارانەی بەردەستن، 04%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیان تێدا نییە و لە داتابەیس جێگیر نەکراون. دارا رەشید گوتی، لە عێراقیش 96%ـی داتاکان دانراون نەوەکو تەنیا هەرێمی کوردستان.
تێکڕای قەبارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان 4.6 کەسە
لە سەرژمێریدا دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کراون بە دوو بەشەوە؛ شارنشین و گوندنشینن. وەزیری پلاندانان گوتی، "رێژەی شارنشین لە هەرێمی کوردستان 84%و رێژەی گوندنشینان 16%ـن".
بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی، ملیۆنێک و 379 هەزار و 163 خێزان لە لە هەرێمی کوردستان دەژین و تێکڕای قەبارەی خێزان 4.6 کەسە.
دانیشتووان زۆرینەیان رەگەزی نێرن و لە تەمەنی کارکردندان
لە ئاماری ئەنجامی سەرژمێرییەکەدا رەگەزەکان جیاکراونەتەوە و لە کۆی دانیشتووان، 3 ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەسیان لە رەگەزی نێر و 3 ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەسیشیان لە رەگەزی مێن. دارا رەشید گوتی، "بەگوێرەی ئەنجامەکان، رێژەی نێر 50.24%ـە و رەگەزی بەرامبەریش 49.76% پێکدەهێنن".
لە ملیۆنێک و 379 هەزار و 163 خێزان لە هەرێمی کوردستان، 88.14%ـیان لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێن، 11.86%ـیشیان لەلایەن ئافرەتانەوە.
لە ئاماری سەرەتایی سەرژمێریدا رێژەی تەمەنی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە خراوەتەڕوو: 31.9%ـی دانیشتووان لە خوارووی 15 ساڵییەوەن و لە تەمەنی کارکردندا نین. ئەو دانیشتووانەی توانای کارکردنیان هەیە و تەمەنیان لە 15 بۆ 64 ساڵە، 63.7%ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن. دانیشتووانی سەرووری تەمەنی کارکردنیش کە لە 65 ساڵ گەورەتر بن، 4.4%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن.
بە پشتبەستن بە ئاماری تەمەنی دانیشتووان، وەزیری پلاندانان گوتی، "ئامارەکان پێمان دەڵێن؛ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەنجن."
دارا رەشید گوتی، "هەرێمی کوردستان کەوتووەتە قۆناخی پەنجەرەی دیمۆگرافی، کە لەم قۆناخەدا پێویستە رێژەی دانیشتووانی تەمەنی کارکردن زیاتر لە 60% بێت".
زیاتر لە دوو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستاندا هەن
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەراورد بە ئەنجامەکانی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی ساڵی 2009، کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 4 ملیۆن و 389 هەزار و 258 کەس بووە، تێکڕای گەشەی دانیشتووان بریتییە لە 2.48%."
ىەگوێرەی ئەنجامەکانی گەمارۆسازی و ژمارەلێدانی ساڵی 2024، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 28 هەزار و 937 یەکەی نیشتەجێبوون هەن.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر 14%ـی کۆی دانیشتووانی عێراقە
بەگوێرەی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر 14%ـی دانیشتووانی عێراقن. وەزیری پلاندان گوتی، "رێژەی دانیشتووانمان لە عێراق لە کاتێکدایە، ناوچە هاوبەشەکان، بەشێکی کەمپەکان، هەروەها دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین و بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان، نەژمێردراون."
دارا رەشید لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا داوای لە هاونیشتمانیان کرد، لە قۆناخی کۆتایی سەرژمێریدا هاوکاری بژمێرەکان بکەن و ئەو قۆناخەی کە پڕکردنەوەی فۆڕمی خێزانە، بە "زۆر گرنگ" پێناسە کرد.
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، هەرکاتێک تەواوی داتای دانیشتووان لە سیستمدا جێگیرکرا، رێژەی تەواوی دانیشتووان بەگوێرەی شار و شارۆچکەکان بڵاودەکرێنەوە.