پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی دەکرێتەوە و زیاتر لە 200 وەشانخانە بەشدارن
رووداو دیجیتاڵ
شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی دەکرێتەوە و 11 رۆژ بەردەوام دەبێت؛ زیاتر لە 200 وەشانخانە لە 12 وڵاتی جیاوازەوە بەشدار دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە 25-11-2024 گوڵان نیروان، بەڕێوەبەری بازاڕسازیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە رووداوی گوت، "پێشانگاکە بە سەرپەرشتی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لە 28ی تشرینی دووەم بۆ 8ی کانوونی یەکەمی 2024 بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 200 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 12 وڵاتی جیاوازەوە بە زیاتر لە 1000 ناونیشانی نوێ بەشداری دەکەن."
گوڵان نیروان گوتی، "هەر لەپێشانگەکەدا کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەدەچن. یەکەمجارە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵمان بەشدارن، لەوانیش زانکۆی سلێمانی، زانکۆی کۆمار و زانکۆی ئەمریکی کە هەموویان لە پێشانگاکەدا چالاکییان دەبێت. کتێبخانەی زانکۆی سلێمانی کتێبەکانی لەو پێشانگایەدا دەخاتەڕوو."
بەڕێوەبەری بازاڕسازیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتی، "ستەیجی سەرەکیمان هەیە کە تایبەتە بە چالاکییە رۆشنبیری و سیاسییەکان و پانێڵی تێدا بەڕێوەدەچێت. هاوکات وەزارەتی رۆشنبیریش چەند چالاکییەکی دەبێت و کۆمەڵێک کەسایەتی بانگهێشت دەکرێن و سەمینار پێشکێش دەکەن."
بە گوتەی گوڵان نیروان، "هەر لەنێو هۆڵی پێشانگەدا سەکۆیەکمان بەناوی سەکۆی نووسەران دەبێت و دیارترین چالاکی ئەو سەکۆیە بریتییە لە واژۆکردنی کتێب لەلایەن نووسەر و وەرگێڕەکانەوە."
لەبارەی نوێکاریی پێشانگاکەوە ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، "ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار کۆبۆنمان داناوە و نرخی هەر کۆبۆنێک 10 هەزار دینارە. کۆبۆنەکان لەلایەن بۆردی رێکخستنی پێشانگەکەوە دروستکراون. بازرگان، سەرمایەدار و کەسایەتیی سیاسیمان ئاگادار کردوونەتەوە کە ئەو کۆبۆنانەمان لێ بکڕن."
کۆبۆنەکە، وەکو گوڵان نیروان گوتی، راستەوخۆ دەدرێتە ئەو کەسەی دەیکڕێت و خۆی ئازادە بە قوتابخانە، زانکۆ، کتێبخانە گشتییەکان و کەسوکاری خۆی دەبەخشێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کتێب لە رێگەی ئەو کۆبۆنانەوە بە خوێنەر ببەخشرێت.