لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سەرپێڵی زەهاو دوو کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی پاتاقی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
درەنگانی شەوی رابردوو، 24-11-2024 لەسەر رێگەی پاتاقی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تانکەرێک کە سووتەمەنیی پێبوو، وەرگەڕا و بەهۆیەوە دوو کەس لە سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا.
 
مەرزبان بەساتی، جێگری قائیمقامی سەرپێڵی زەهاو رایگەیاند، بەهۆی خلیسکانی تانکەرێک کە هەڵگری سووتەمەنی بووە و بەرەو کرماشان چووە، وەرگەڕاوە و کەوتووەتە ناو دۆڵی پاتاق، بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەساتی گوتیشی، تیمەکانی فریاگوزاری زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدابوو، تەرمەکانیان دەرهێندران و گواسترانەوە بۆ دادپزیشکی.
 
جێگری قائیمقامی سەرپێڵی زەهاو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی ئەهوازن لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ئێران.
 
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-07-2024، شەش هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووداوی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.