شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو دەکات

25-11-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای یەکێتی بەسەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی دەکات. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت، سەردانەکە لە چوارچێوەی سەردانەکانی دوای کۆنگرەی حیزبەکەیانە و بۆ یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردە.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 25-11-2023) ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ سەردانی هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکەین؛ کۆبوونەوەکە لە درێژەی سەردانەکانی دوای کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ لای لایەنەکان."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی کە پێی باشبوو ناوی نەهێندرێت، بەشدار دەبێت لە کۆبوونەوەکانی شاندی حیزبەکەی و لەبارەی ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکانیان گوتی، یەکڕیزیی نێوماڵی کورد تاوتوێ دەکەن ''ئەو بابەتە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانمان دەبێت."
 
لەبارەی سەردانیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، "سەردانەکە لە چوارچێوەی سەردانەکانی دوای کۆنگرەی یەکێتیە بۆ لای لایەنەکان؛ پێش ئەم سێ حیزبە، سەردانی پارتیمان کردبوو."
 
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکدێن لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی حیزبەکە، خەسرەو گوڵ، نوێنەری سەرۆكی یەكێتی بۆ هەر سێ ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی و ئەنجوومەنی پشتیوانیی حیزبەکە؛ هەروەها ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەریەکە لە عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵڵا، دەرباز كۆسرەت رەسووڵ، شاڵاو عەلی عەسكەری و سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی حیزبەکە و سالار سەرحەد ئەندامی سەركردایەتی.
 
کۆبوونەوەکان لە شاری سلێمانی دەبن. شاندەکە سەرەتا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە، پاشان سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکەن.

 

 
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەردانەکە لە چوارچێوەی سەردانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، "شاندی کۆمەڵی دادگەری بەسەرۆکایەتی مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵ پێشوازی لە شاندەکەی یەکێتی لە شاری سلێمانی دەکەن."
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بکات. بەرپرسێکی باڵای یەکگرتوو کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووەوە پێشوازییان لێ دەکرێت و کاژێر 03:30ـی دوانیوەڕۆ کۆدەبنەوە."
 
 
7ـی ئەم مانگە شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد. کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 27-09-2023 یەکەم کۆبوونەوەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.