بەهۆی 'زیانەکان'ـی کۆنکرێت بۆ ژینگە پێشنیاز دەکرێت رێژەی سەوزایی زیادبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئەندازیاری تەلارسازی و ژینگە بەڕێوەچوو، تەوەرێکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بابەتی ژینگەیی و دروست کردنی خانوویەکە کە دۆستی ژینگە بێت، چونکە بەگوێرەی پسپۆڕان کۆنکرێت زۆرترین دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەکاتە هەواوە. بەشێک لە هاونیشتمانییانیش هەوڵ دەدەن رێژەی سەوزایی لە ماڵەکانیاندا زیاد بکەن.
حاجی لوقمان هاونیشتمانییەکە لە سلێمانی حەزێکی زۆری بۆ دارودرەخت و سەوزایی هەیە، بەڵام بەهۆی بچووکی خانووەکەیەوە نزیکەی دوو مەتر سەوزایی لەبەردەم خانووەکەی هەیە، لەکاتێکدا بەپێی رێنماییەکانی شارەوانیی سلێمانی دەبوو شەش مەتری بکردایەتە سەوزایی.
لوقمان حەمید، بە رووداوی گوت، "زەوییەکەم 125 مەترە، چەندی بکەم بە خانوو و چەندی بکەم بە سەوزایی؟ ئەگەر زەوییەک 250 مەتر بووایە 50 مەترم دەکردە سەوزایی، لەلایەکی دیکەوە ئێستا زەوی هێندە گرانە هەر هێندە دەکڕدرێت، ئەگەرنا هەموو کەس حەزی بە سەوزایی هەیە."
حاجی کەریمیش هاونیشتمانییەکی دیکەیە، لەنێو خانووەکەیدا هیچ سەوزاییەکی نییە، بەڵام لەبەردەم ماڵەکەی ریزێک داری بەرداری رواندووە.
کەریم تۆفیق، دەڵێت، "لەبەردەم ماڵەکەم داری هەنجیر، هەنار، قەیسی، توو، هەنگی دنیا، خورما و مێوم هەیە، ئەو سەوزاییەش لە چیمەنتۆ و بلۆکەکە باشترە، چونکە دڵدەکاتەوە."
هەرچەندە داتایەکی ورد بۆ رێژەی سەوزایی لە سلێمانی لە بەردەست بەرپرسانی شارەکە نییە، بەڵام بەپێی داتای پارتی سەوزی کوردستان رێژەی سەوزایی لە سەنتەری شاری سلێمانی دەگاتە 32%.
پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئەندازیاریی تەلارسازی و ژینگە دەکرێت کە یەکێک لەتەوەرە سەرەکییەکانیان دروستکردنی خانوویێکە کە دۆستی ژینگە بێت.
پسپۆڕانی کۆنفرانسەکە ئاماژەیان بەوەکرد کە کۆنکرێت زۆرترین دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەخاتە هەواوە هاوکاتیش چارەسەرییان بۆ بابەتە خستەڕوو.
سەردەشت سەردار، پسپۆڕی ئەندازیاری بیناکارییە لەبارەی جێگرەوەی کۆنکرێتەوە دەڵێت، "کە چیمەنتۆ کەمبکرێتەوە دوانەئۆکسیدی کاربۆنیش کەمتر دەخرێتە هەواوە، بۆ چارەسەری کەم بەکارهێنانی چیمەنتۆش رێگە زۆرە بەڵام دەکرێت پلاستیک مەوادی ریسایکلین لە چیمەنتۆدا بەکاربێتەوە، یان بۆ ئێستا دەکرێت رێژەی سەوزایی زیاد بکرێت."
لە کۆتایی کۆنفرانسەکە راسپاردە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان دەکرێت و لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە زانستییەکانیش بڵاودەکرێتەوە.