بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە باکووری کوردستان 55 مەڕ مرداربوون


رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئێلیهـ ـی باکووری کوردستان و بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە گەوڕی ئاژەڵدارێک 55 مەڕ مرداربوون.
 
شەوی رابردوو، 24ی تشرینی دووەمی 2022، لە گوندی یەنیچاغلاری سەر بە شارۆچکەی هەزۆ لە نزیک پردی ماڵابادی ئاگر لە گەوڕی ئاژەڵانی هاونیشتمانییەک کەوتەوە. 
 
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانی ئێلیهـ و شارەوانیی هەزۆ لەگەڵ تیمەکانی ئافاد و جەندرمە چوونە ناوچەکە.
 
بەهۆی ئاگرەکەوە 55 مەڕ مرداربوون، پێش ئەوەی تیمەکان بتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا، 11 هەزار و 250 خێزان لە پارێزگای ئێلیە خەریکی ئاژەڵدارین. 121 هەزار و 631 سەر ئاژەڵی گەورە و 859 هەزار و سێ سەرئاژەڵی بچووک لەو پارێزگایەدا هەن.