مەزڵوم عەبدی: ئەگەر تورکیا ئۆپەراسیۆن بکات ناتوانین پارێزگاری لە زیندان و کامپەکان بکەین


رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی هەسەدە باس لەوە دەکەن، ئەگەر تورکیا درێژە بە هێرشی ئاسمانییەکانی بدات یاخود دەست بە هێرشی زەوینی بکات بۆ سەریان، ئەوا چیدی ناتوانن کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بپارێزن.
 
تورکیا ماوەی چەند رۆژێکە بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات؛ تورکیا پەکەکە/یەپەگە بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستیقلالی ئەیستەنبووڵ تۆمەتبار دەکات و ئەمەشی کردووەتە بیانوویەک بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی سەر رۆژئاوای کوردستان. 
 
هەسەدە رەتیدەکاتەوە دوور و نزیک پەیوەندیی بە تەقینەوەکەی 13ی ئەم مانگەی شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبووڵەوە هەبێت، کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم شەش کەس و برینداربوونی زیاتر لە 80 کەس. هەدەسە پێیوایە، ئەوە تەنیا بیانوویەکی تورکیایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
 
رۆژی چوارشەممە 23-11-2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ئەو هێرشانە "تەنیا سەرەتایەکن" و سوورە لەسەر پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریادا.
 
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، راگەیاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا دەبێتە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لەو ناوچانە. دەشڵێت، ئەو کارەی تورکیا "سەر بۆ شەڕێکی نێوخۆی دیکە لە سووریا دەکێشێت و ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر لە دژی داعش دەوەستێنێت." 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەزڵوم عەبدی دەڵێت: "وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئێمە شەڕمان کرد و داعشمان تێکشکاند، بەڵام ئەوەی تورکیا دەیکات هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو کارەیە." 
 
لە ماوەی شەڕی دژ بە داعشدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرۆکایەتیی دەکرا، زۆر پشتی بە هێزە کوردییەکان بۆ وەدەرنانی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەست. بە ئێستاشەوە، ئەو بەندینخانە و کامپانەی ئەندام و خێزانی ئەندامەکانی داعشیان تێدایە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەڕێوە دەبرێن، کە زۆرینەیان کوردن.
 
کامپی هۆل زیاتر لە 50 هەزار ئەندام و خێزانی ئەندامانی پێشووی رێکخراوی داعشی تێدایە، کە دوو لەسەر سێیان منداڵن. هەسەدە دەڵێت، لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کامپی هۆل 6 ئەندامی هێزەکانیان کوژراون و 6 دانیشتووی کامپەکەش هەڵاتوون، بەڵام دواتر دەستگیرکراونەتەوە.
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باس لەوە دەکات، هێرشەکانی تورکیا وا دەکات ئەوان نەتوانن پارێزگاری لە کامپەکان بکەن. وەک دەڵێت: "هێزەکانمان سەرقاڵی پاراستنی خەڵکی خۆمان و خێزانەکانمان دەبن و ناتوانین پارێزگاری لە کامپەکان بکەین." 
 
مەزڵوم عەبدی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەرپرسانی تورکیا دامەزراوەی مرۆیی وەکو وێستگەی کارەبا و کێڵگەی نەوتیان کردووەتە ئامانج؛ ئەمە سەر بۆ کۆچکردن و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەکێشێت." 
 
لە 2016ـەوە تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی فراوانی بۆ باکووری سووریا بە پاڵپشتی بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی سووریا ئەنجامداوە و ئێستا ناوچەیەکی فراوانی بە درێژایی 325 کیلۆمەتری سنوورەکەی لەگەڵ سووریا خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
 
دوایین ئۆپەراسیۆنی زەوینی تورکیا لە 2019 بوو بە ناوی "کانی ئاشتی" کە هەردوو شارۆچکەی گرێسپی و سەرێکانی داگیرکرد.
 
ئێستا ترسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە، خواستی تورکیا داگیرکردنی کۆبانێ بێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات داوا لە هەردوو رووسیا و ئەمریکا دەکەن تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوە پەشیمان بکەنەوە و هۆشداریی دەدەن ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات.