بۆردوومانی تورکیا لە شارباژێڕ؛ جووتیارێک دەڵێت کە دەخەوین نازانین بەیانی چیمان بەسەردێت


رووداو دیجیتاڵ 

مام قادر سەرقاڵی خزمەتکردنی رەزوباخەکەیەتی لە گوندی سوورەقەڵاتی قەزای ماوەت لە شارباژێڕ، گوندەکەی مامە حەمە و مام قادر، گەورەترین گوندی سنوورەکەیە، بەڵام بەهۆی مەترسیی بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی تورکیا بە تەنیا، کاری باخداری و کشتوکاڵ دەکەن.
 
قادر ئەحمەد، جووتیارە، دەڵێت "ئێمە بەردەوام لەم ناوچەیە ترسمان لە بۆردوومانکردنمان هەیە، چونکە تۆ نازانێت ئێران و تورکیا بەتەمای چین، بەخوا کە دەخەویت، نازانیت تا بەیانی چیت لێ بەسەردێت."
 
محەممەد کوێخاش جووتیارێکی دیکەی سورە قەڵاتە و هاوڕێی مام قادرە، ئەویش گوتی: "هەر کات کە فڕۆکەی تورکیا دێت و گوێم لێ دەبێت، ناوێرم لێرە بمێنمەوە و یەکسەر دەڕۆمەوە، چونکە نازانم ئێرە بۆردوومان دەکات یان نا."
 
شارباژێڕ لەگەڵ ئەوەی زەوییەکی بەپیتی هەیە بۆ کشتوکاڵ و باخداری، بەهۆی کوێستانی بوونی، لەوەڕگەی زۆری هەیە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵات.
 
دلێر شوانکارە و لە نزیک قەزای ماوەت پێی گوتم، "دوو رۆژ پێش ئێستا بوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی گەڵاڵە و چیای ئاسۆسیان کرد، هەر کاتێکیش تورکیا مووشەک هەڵدەدات بۆ بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات، بەسەر ئێمەدا دەڕوات و بەئاسانی دەیانبینین، هەروەها رۆژانەش بە ئاشکرا گوێمان لە دەنگی درۆنی تورکی دەبێت، بۆیە ئیشەکەمان تەواو مەترسیدار بووە، لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانین بچینە هەموو جێگەیەک، چونکە گوندە سنوورییەکان و هەندێک گوندی دیکەش وەکو گەڵاڵە و سەفرە و قامیش هەمیشە مەترسیی بۆردوومان هەیە، ئەو گوندانەش بەهەمان شێوە مەترسیی بۆردوومانیان لەسەرە کە گوایە پەکەکەیان تێدایە."
 
تەنیا ساڵی 2022، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 27 جار بۆردوومانی سنووری قەزای ماوەتیان کردووە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، ترسیان هەیە بەشێک لە گوندەکان تەواو چۆڵ ببن.
 
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەتە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2019 کە بەسەختی بۆردوومانی گوندی گەڵاڵەیان کرد، هەموو خەڵکی گوندەکە چۆڵیان کرد و دواتر گەڕانەوە، لەبەرئەوەش زەرەروزیانێکی زۆر بەر خەڵکی گوندەکە کەوت، خەڵکێک هەبوو کە مەڕوماڵاتەکەی خۆی هەرزانفرۆشکرد، بۆیە خەڵک هەمیشە بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە چاوەڕێی کارەساتی گەورە دەکەن، ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر چۆڵبوونی سنووری ئێمە."
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی سی پی تی، لە مانگی ئابی 2015ـەوە تاوەکو 22ـی 11ـی 2022، لەلایەن تورکیا نزیکەی 195 جار بۆردوومانی سنووری شارباژێڕ کراوە و بەهۆی بۆردوومانەکانیشەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستداوە و هەشتی دیکەش برینداربوون.